کەسێک لە تورکیا دەستگیرکرا ماددەی هۆشبەری لەناو گەدەیدا شاردبووەوە

K24 - هەولێر

قاچاخچییەکی ئێرانی لەلایەن بەرپرسانی ئەمنی تورکیاوە گومانی لێکراوە، بۆیە دوای راگرتنی لە پارێزگای ئەرزەروم پشکنینی تیشکی ئێکسیان بۆ ئەنجامداوە.

تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای ئەرزەرومی تورکیا رایانگەیاندووە، توانیویانە قاچاخچییەکی ئێرانی دەستگیر بکەن کە 95 کەپسولی ماددەی هۆشبەری لە گەدە و ریخۆڵەکانیدا شاردووەتەوە.

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، پشکنینی تیشکی ئێکس کە بۆ قاچاخچییە ئێرانییەکە لە نەخۆشخانەیەک ئەنجامدراوە، لە پشکنینەکەدا کەلوپەل لە گەدە و ریخۆڵەکانیدا دەرکەوتووە، کە پێیان وایە ئەوە کارێکی قاچاخچێتییە لەسنووری تورکیا و ئێران.

دواتر بەرپرسان ئەو قاچاخچییە ئێرانییەیان دەستبەسەرکردووە، دوای ئەوەی پشتڕاستیان کردەوە، ئەو ماددانەی کە خواردبووی کەپسولی ماددەی هۆشبەر بوونە کە لەو وڵاتە قەدەغەیە، ئاماژەیان بەوەشکرد، بڕیارە بگوازرێتەوە بۆ دادگا.

بڕی ئەو ماددانەی کە لە گەدە و ریخۆڵەکانیدا شاردراوەتەوە، 603.35 گرام تلیاک لەناو 78 کەپسولدا بووە، هەروەها 111.35 گرام ماددەی هۆشبەر لەناو 17 کەپسولی دیکەدا بووە.

هەفتەیەک لەمەوبەر ئەندامانی پۆلیسی گومرگی تورکیا 17 کیلۆ مادەی میتامفیتامینیان دۆزییەوە کە لەناو فەرشێکدا شاردرابووەوە.

.وێنەی لای راست تیشکی ئێکسی کەسەکەیە، وێنەکەی دیکەش ئەو کەپسولانەن کە لە گەدەی قاچاخچیەکەیان دەرهێناوە