پۆلیسی هەولێر بەھۆی دەستکاریکردنی پێوەر و پسوولەی کارەباوە چەند فەرمانبەرێک دەستگیر دەکات

دەستگیرکردنی چوار تۆمەتبارەکە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
دەستگیرکردنی چوار تۆمەتبارەکە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر

K24 – هەولێر:

دوای بەدواداچوونەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، چوار فەرمانبەری بە تۆمەتی دەستکاریکردنی پێوەر و پسوولەی کارەبا و چەند کارێکی دیکەی نایاسایی دەستگیرکرد.

لە بەدواداچوونێکی ئالان زەندی، رۆژنامەنووس لە کوردستان24، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو چوار فەرمانبەرەی پشتڕاستکردەوە کە بەهۆی گەندەڵی و فێڵکردن لە کارەکانیان لەبەرانبەر وەرگرتنی بڕێک پارە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە دەستگیرکراون.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەسەر داوای دادوەری لێکۆڵینەوەی هەولێر، چوار تۆمەتبار کە فەرمانبەری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانن لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای هەولێر لە بەشی دووی فرۆشیاری وزە.

ئەو چوار فەرمانبەرە بە تۆمەتی ئەوە دەستگیرکراون کە دەستکاری پێوەری کارەبا و مۆری کاتژمێری کارەبایان لە بەرژەوەندی بەشێک لە شوێنە بازرگانی و کۆمپانیاکان کردووە و هەستاون بە گۆڕین و لەناوبردنی پسوولەی کۆنی کارەبا و کەمکردنەوەی پارەی قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای ئەو شوێنانە.

یەکێک لەو کارانەی ئەو چەند فەرمانبەرە ئەنجامیانداوە، شوێنێکی بازرگانی کە قەرزی 338 ملیۆن دیناری قەرزی کارەبای لەسەربووە تا بیدات بە حکومەت، ئەو فەرمانبەرانە دوای دەستکاریکردنی پسوولە و پێوەری کارەبا، ئەو بڕە پارەیەیان بۆ کردووە بە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار.

بەهۆی بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرانبەر کارەکانی ئەو چوار فەرمانبەرە، پۆلیسی هەولێر زانیاری زیاتری ئاشکرانەکردووە و جەختیان لەسەر ئەوەشکردەوە، کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان و موڵک و سامانی گشتی و تایبەتی.

لەگەڵ ئەوەشدا پۆلیسی هەولێر داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات خۆیان بەدوور بگرن لەو جۆرە کەسانەی ئەو کارانە دەکەن کە بەرانبەر وەرگرتنی بڕێک پارە، کاری نایاسایی ئەنجامدەدەن بۆ سڕینەوە یان کەمکردنەوەی ئەو قەرزانەی لە ئەستۆیاندایە بەرانبەر بە حکومەت، هاوکات پۆلیسی هەولێر ئاماژە بەوەش دەکات، پەنابردن بۆ ئەو جۆرە کارانە تاوانە و لێکۆڵینەوە و سزای یاسایی بەدواوە دەبێت.