ماکرۆن بۆ کوردستان24: لە سەردانەکەم بۆ عێراق لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

K24 – گرانادا:

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، لەگەڵ هەموو لایەنەکان و وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان دەدەین بەتایبەتی لە بابەتەکانی ئاسایش و سەروەری خاک و کۆچبەران.

ئەمڕۆ هەینی (6ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پەیامنێری کوردستان24 پرسیارێک ئاراستەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کرد و پرسی، سەرۆکی فەرەنسا بەنیازە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات و لایەنە عێراقی و کوردییەکان پێکەوە لەسەر مێز کۆبکاتەوە بۆ چارەسەری قەیرانەکان، لە وەڵامدا ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت، لە سەردانەکەم بۆ عێراق لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین.

سەرۆکی فەرەنسا، گوتیشی: ناسەقامگیری عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی پەنابەری زۆر لەعێراقەوە روو لە ئەوروپا بکەن.

ئیمانوێل ماکرۆن، ئاماژەی بەوەدا، بۆ پشتیوانی لە سەروەری عێراق بەشداری لە کۆنگرەی بەغدا دەکەم، هەروەها کار بۆ سەقامگیری ئاسایشی عێراق و تەواوی ناوچەکە دەکەین.

سەرۆکی فەرەنسا، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هیوادارم لە کۆنگرەی بەغدا پڕۆژەیەکی کۆنکریتی سەقامگیری دابڕێژین، هەروەها هەوڵدەدەین چارەسەری کێشەی کۆچ بکەین و کۆتایی بەم قەیرانە بهێنین.

کۆنگرەی سێیەمی بەغدا  بڕیارە لە 30 تشرینی دووەمی ئەمساڵ لەبەغدا بەڕێوەبچێت، بەبەشداری عێراق، فەرەنسا، وڵاتانی دراوسێ، میسر، قەتەر، ئیمارات و چەند رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، کە کۆنگرەی دووەمیش لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ هەینی (6ـی تشرینی یەکەمی 2023)، دووەم رۆژی سێیەمین لوتکەی کۆمەڵگەی سیاسی ئەوروپا لە شاری گرانادای ئیسپانیا بەبەشداری سەرۆکی 50 وڵاتی ئەوروپا بەڕێوەچوو، هەروەها ئەو دۆسیانەی کە لە کۆبوونەوەی نێوان سەرکردەکانی ئەوروپا گفتوگۆی لەسەرکرا بریتیبوون لە: قەیرانی کۆچبەران، ئابووری ئەوروپا، شەڕی ئازرباینجان و ئەرمینیا، شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا.

کوردستان24 تاکە میدیای کوردییە لە کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا ئامادەیە، هەروەها زیاتر لە 800 رۆژنامەنووس لەسەرانسەری جیهانەوە رووماڵی کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە شاری گرانادای ئیسپانیا دەکەن.

Fly Erbil Advertisment