پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆرانی سێ وەزارەت و خانەنشینان دا دەکرێت

K24 – هەولێر
لیژنەیەکی چاودێری دارایی عێراق و چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆران، ئەمڕۆ سەردانی سێ وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی دەکەن.
هۆشمەند سادق پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لیژنەیەکی چاودێری دارایی عێراق لە هەولێرە لەگەڵ چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 9/10/2023، سەردانی وەزارەتەکانی پەروەردە، تەندروستی و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی دەکەن.
پەیامنێرمان، گوتیشی: لیژنەکە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەخۆرانی ئەو وەزارەتانە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ 8/10/2023، هونەر جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لیژنەیەکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لێرەن و دەیانەوێت وردبینی لە تەواوی ئەو داتا و زانیارییانە بکەن کە تایبەتە بە ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان، سیستەمی ژمارەی فەرمانبەرانی ئێمە تاڕادەیەکی زۆر لای بەغدا روونە، ئەوەی کە ماوەتەوە ژمارەی خانەنشین و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتییە، ئەوانیش هەموو داتاکانیان ئامادەیە و دەیخەینە بەردەستیان، دواتر ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ چاودێری دارایی عێراق دەخەینەڕوو".
لەلایەکی دیکە رۆژی یەکشەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە دیدارەکەدا وەزیری دارایی، ئامادەیی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانی دەربڕی بۆ وردبینی و بەدواداچوونی داتا و زانیارییەکان لەلایەن تیمە هاوبەشەکانی هەردوولا.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەمەبەستی جێبەجێکردنی دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە تایبەتە بە وردبینی لە ژمارە و داتای مووچەخۆانی هەرێمی کوردستان و بڕی مووچەکانیان لە هەرێمی کوردستانن و دوای تەواوکردنی کارەکانیان راپۆرتی خۆیان پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن.