ئێران رەتیدەکاتەوە بەشداریی کردبێت لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیدەکاتەوە، بەشدارییان لە هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل کردبێت و دەڵێت، "هەر کردەوەیەکی گەمژانە بەرامبەر بە ئێران وەڵامی وێرانکاری دەبێت". 

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئۆکتۆبەری 2023، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی لە حەماس کردبێت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و، جەخت لەوە دەکاتەوە، بەشدارییان لەو شەڕەدا نەکردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیوایە "رەوانەکردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، دەبێتە بەشێک لە بەشداریکردنی واشنتن لە دووژمنایەتیکردنی فەڵەستینییەکان".

ناسر کەنعانی هۆشداریش دەداتە ئەمەریکا و ئیسرائیل و دووپاتی دەکاتەوە، "هەر لایەنێک هەڕەشە لە ئێران بکات، ئەوا دەبێت بزانێت هەر کردەوەیەکی گەمژانە بەرامبەر بە ئێران بکرێت، ئەوا رووبەڕووی وەڵامێکی وێرانکارانە دەبێتەوە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، "ئەرک و کاری سەرەکی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی پشتیوانیکردنە لە پرسی فەڵەستین، قودس، مزگەوتی ئەقسا و گەلی فەڵەستین دژ بە رژێمی داگیرکاری ئیسرائیل، بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەی رێکخراوەکە هاوکار دەبێت کە وڵاتانی ئیسلامی بەگوێرەی تواناکانی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، سوودیان بۆ پشتیوانی سیاسیی و سەربازیی و مرۆیی بۆ گەلی فەڵەستین هەبێت".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیوایە "گەلی فەڵەستینی مافی رەوای خۆیەتی بەرامبەر بە رژێمێک کە 75 ساڵە هەموو مافێکی رەوایی پێشێلکردوون، هێز و توانای خۆیان بەکاربێنن بۆ نەهێشتنی داگیرکاری".  

بەرەبەیانی رۆژی شەممە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، لیواکانی عیزەددین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس لە كەرتی غەززەوە، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی "گەردەلوولی ئەقسا" دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند و لەبەرامبەردا سوپای ئیسرائیل بە دەیان فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی سەربازیی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانە ڕاگەیاند.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین بڵاویکردەوە کە بە هۆی پێکدادانەکانەوە 493 کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 751 کەسیش بریندارن و هەروەها بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیلییەکان لە کەرتی ڕۆژئاوا 15 فەڵەستینی کوژراون.

هاوکاتیش بە پێی هەواڵی میدیاکانی ئیسرائیل بە هۆی هێرشەکانی حەماس لە کەرتی غەززەوە بۆ سەر ئیسرائیل، 700 ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 315 کەسیش بریندار بوون.