رووسیا: رووداوەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس مەترسی گەورە بۆ ناوچەکە دروست دەکەن

دیمیتری پێسکۆڤ
دیمیتری پێسکۆڤ

K24 - هەولێر

کرێملین ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، باڵیۆزخانەکەیان هیچ زانیارییەکی لەبارەی ژمارەی ئەو رووسیانە نییە کە لە ئیسرائیلن.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، مۆسکۆ زۆر نیگەرانە لە دۆخی ئیسرائیل و ناوچە فەڵەستینییەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس "مەترسییەکی گەورە" بۆ ناوچەکە دروست دەکەن.

رووسیا رۆژی شەممە، داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە هەردوولا کردبوو، هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی "وەفا"، ژمارەی قوربانیانی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بۆ 493 کوژراو و دوو هەزار و 751 بریندار بەرزبووەتەوە، ئەمە جگە لە وێرانکردنی باڵەخانەکان و شوێنی نیشتە جێبوون.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"ـی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، لایەنی تایبەت مەند لە ئیسرائیل پێشبینی دەکەن، ژمارەی کوژراوانی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس، گەیشتووەتە هەزار کوژراو.