ماتیۆ میلەر: نۆ ئەمەریکی لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کوژراون
K24 – هەولێر:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کوژرانی نۆ هاووڵاتی وڵاتەکەی لە جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا نازانن چەند هاووڵاتی ئەمەریکی بەدیل گیراون یان بێسەروشوێنن.
رۆژی دووشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2023) ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، تا ئێستا دەتوانن تەنیا کوژرانی نۆ هاووڵاتی ئەمەریکی لە هێرشی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل پشتڕاست بکەینەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل کاردەکەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی سەرجەم ئەو ئەمەریکییانەی لەو وڵاتەن.
هەروەها واشنتن تاوەکو ئێستا ئەوەشی ئاشکرا نەکردووە، کە هیچ هاووڵاتییەکی ئەمەریکی لە ریزی ئەو کەسانە هەن کە لەلایەن حەماسەوە بەدیل گیراون یاخود نا.
لە هێرشەکەی حەماس، جگەلە ئیسرائیلییەکان، ژمارەیەک لە هاووڵاتی وڵاتەکانی تایلەند، نیپاڵ، ئۆکرانیا، فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، ئەمەریکا و کۆڵۆمبیا لە ریزی کوژراو و بریندارەکاندان کە لەلایەن وڵاتەکانیانەوە پشتڕاست کراوتەوە.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر5:30ـی رۆژی دووشەممە) 800 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، زیاتر لە 500 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەوتی غەززە.