حەماس: ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل

کەرتی غەززە - وێنە: AFP
کەرتی غەززە - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

بزووتنەوەی حەماس ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنانی بە جەنگی نێوانیان.

رۆژی دووشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، "حەماس کراوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل".

لە سێیەم رۆژی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل، رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هەردوولا بەردەوامە و حەماس چەندین جار مووشەکبارانی ناوچەکانی ئیسرائیلی کردووە و سوپای ئیسرائیلیش بە چڕی بۆردومانی ناوچەکانی کەرتی غەززە دەکات.

پێش ئەو راگەیاندنەش، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە بۆردومانکردنی باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی غەززە، ئەوان ڤیدیۆی ئیعدامکردنی ئەو کەسانە بڵاودەکەنەوە، کە بەدیلیان گرتوون.

هاوکات بنیامین نا‌تا‌نیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی حەماس و وەڵامەکانیان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، فەرمانی دەرکردووە بۆ گەمارۆدانی کەرتی غەززە بەشێوەیەکی تەواو کە بەهەموو شێوەیەک رێگە بە ناردنی کارەبا، خواردن و سووتەمەنی نادەن بۆ ئەو ناوچەیە.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر21:20ـی رۆژی دووشەممە) زیاتر لە 900 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، 560 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەوتی غەززە.