زیلێنسکی: بەرپابوونی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی رووسیایە
K24 – هەولێر:
ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت، بەرپابوونی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەرژەوەندی وڵاتی رووسیایە.
ئەمڕۆ دووشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، رایگەیاند، بەرپابوونی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژوەندی رووسیایە، چونکە چاوی جیهان لەسەر هەوڵەکانی رووسیا بۆ تێکدانی ئازادی لە ئەوروپا نامێنێت.
سەرۆکی ئۆکرانیا، ئاشکراشی دەکات، ئێرانی هاوپەیمانی رووسیا هاوکاری ئەو چەکدارانە دەکات کە هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر جیهان، چونکە جەنگە جیهانییەکان لە شەڕی ناوچەییەوە دەستیان پێکردووە.
کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان (تا کاتژمێر21:20ـی رۆژی دووشەممە) زیاتر لە 900 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، 560 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەوتی غەززە.