جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و هەردوولا کارتی جیاواز دژی یەکتر بەکاردەهێنن
K24 – هەولێر:
بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کارتی دیلەکان لە دژی یەکتری بەکاردەهێنن و هێشتا هیچ لایەنێك ئامادەنییە گفتوگۆ لەبارەی گۆڕینەوەی دیلەکان بکات، حەماس دەڵێت، لەبەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر کەرتی غەززە دیلێکی ئیسرائیلی لە سێدارە دەدەین، رۆژنامەیەکی ئیسرائیلیش دەڵێت، زیاتر 750 ئیسرائیلی بێسەروشوێنن.
جەنگی نێوان بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە و هەردوولا کارتی جیاواز لە دژی یەکتری بەکاردەهێنن، گۆڕینەوەی دیلەکان یەکێکی لەو بابەتانەی هێشتا هیچ کام لە لایەنەکان ئامادەنین گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، سەرەڕای بوونی چەندین هەوڵی نێوەندگیری لە نێوانیاندا، لەسەرووی هەموووشیانهوه هەوڵەکانی ئەمەریکا و قەتەر، بەڵام هیچ کامیان ئامادەنین گفتوگۆ لەبارەی ئەم پرسە بکەن و لە هەڕەشەکردن لە یەکتری بەردەوامن.
لە لایەن خۆیەوە حەماس ئامادە نییە گۆڕینەوە دیلەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەنجامبدات و حەسام بەدران، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە، هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گۆڕینەوەی دیلەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی دەوڵەتی عیبری بەردەوام دەبێت.
حەماس هەڕەشەی ئەوەی کردووە، مانەوەی دیلەکانی ئیسرائیل لە ژیاندا پەیوەستە بە هێرشەکانی ئیسرائیل و هەر بۆردومانێک بکاتە سەر کەرتی غەززە لە بەرامبەردا دیلێکی ئیسرائیلی لەسێدارە دەدەین.
هاوکات ئیسرائیلیش سوورە لەسەر درێژەدان بە جەنگ و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، وەڵامی وڵاتەکەی بۆ هێرشەکەی حەماس رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و داوا لەدەسەڵاتدارانی باشووری وڵاتەکەی دەکات لە ئامادەباشییەکی تەواو دابن.
هەرچەندە ناتانیاهۆ ئاشکرایکردووە، زیاتر لە 100 دیلی ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە دەستگیرکراون، بەڵام رۆژنامەی ئورشەلیم پۆست لە راپۆرتێکدا دەڵێت، زیاتر لە 750 ئسرائیلی بێسەروشوێنن.
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێشتا ژمارەی دیلەکان بە دیاریکراوی نەزانراوە و چاوەڕێش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا حەماس ژمارەی دیلە ئیسرائیلییەکان ئاشکرا بکات.
کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵان دەکەن.