ئەمڕۆ دیداری مێری 2023 لە هەولێر دەستپێدەکات

دیداری مێری 2023 - وێنە: کوردستان24
دیداری مێری 2023 - وێنە: کوردستان24

K24 - هەولێر:

ئەمرۆ سێشەممە 10ـی ئۆکتۆبەر، دیداری مێری بۆ ساڵی 2023 لە شاری هەولێر بە بەشداری سەدان ئەکادیمیست، بەرپرسانی حکومی و حزبی، توێژەران و رۆژنامەنووسانی بیانی و ناوخۆ دەستپێدەکات، کە گفتوگۆ دەکەن لەسەر چەندین مژاری جیاواز سەبارەت بە پرسە گەرمەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە میانی گۆڕانکارییە هەنووکەیەکانی ناوچەکەدا.

دیدارەکە کە ساڵانە لەلایەن پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) رێکدەخرێت، بە شێوەیەکی فەرمی کاتژمێر 9:20ـی بەیانی دەستپێدەکات بە خوێندنەوەی وتاری دەستپێک لەلاین دکتۆر دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی پەیمانگاکە.

لە رۆژی یەکەمی دیدارەکە، بڕیارە حەوت پانێڵ و گفتوگۆی جیاواز بە بەشداری بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دیپلۆماتکارانی بیانی ئەنجام بدرێت.

یەکەم پانێڵ تایبەتە بە پێویستییەکان و خواست و دنیابینی دانیشتوانی مووسڵ کە نەجم جبووری پارێزگاری موسڵ لەگەڵ توێژەران و بەرپرسانی ناوخۆیی و پیاوانی ئایینی بۆ گەنگەشەکردنی ئاریشەکانی ناوچەکە بەشداری تێدە دەکەن.

بریارە دیدارەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت لە شاری هەولێر و ڕۆژی چوارشەمە کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە کۆتایی بە کارەکانی بهێنێت.  

بەگوێری راگەیێندراوی فەرمی پەیمانگاکە، دیداری مێری ئامانجی، (رەخساندنی کەشێکی بنیاتنەرە بۆ دیالۆگ و ئاشتەوایی و گەڵاڵەکردنی بير و بۆچوونەکان لە نێوان داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاربەدەستان و ئەکاديمستان).

تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە بریتین لە (عێراق بۆ هەمووان بێت، عێراق و دەور و دراوسێكانی، عێراق و هەرێمی كوردستان لەنێو هاوكێشە هەرێمی و جیهانییەكاندا، هاوكاری نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتسازی لە عێراق، پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر: چارەسەری كێشە ریشەییەكانی ناكۆكی).

جگە لە رێکخستنی دیداری مێری ساڵانە، پەیمانگاکە چەندین توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی لەسەر پرسە گرنگ و هەستیارەکانی پەیوەست بە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنێت. هەروەها لە رێگەی رێکخستنی دیداری داخراو و مێزگردەوە لەگەڵ بەرپرسان و رۆژنامەنووسان و توێژەران مەبەستیەتی دید و بۆچوونە جیاوازەکان لەچوارچێوەیەکی ئەکایدیمدا کۆبکاتەوە.