ژمارەیەک چەکداری داعش لە پردێ کوژران
لە ئەنجامی بۆسەیەکی هێزە ئەمنییەکان و بۆردومانی دوو هێلیکۆپتەری سوپای عێراق لە گوندی قەرەبەگی سەر بە شارەدێی پردێ، سێ چەکداری داعش کوژران و کەسی گوازەرەوەی چەکدارەکانیش دەستگیر کرا؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئۆتۆمبێلەکەیان دزەی کردبووە نێو سەنتەری پردێ و بووە هۆی داخستنی کاتیی رێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و کەرکووک.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 گوتی: سەرەتا زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، ئۆتۆمبێلێک بە چوار چەکداری داعشەوە هاتووەتە نێو شارەدێی پردێ، دوابەدوای ئەوە هێزێکی زۆری سەربازیی سوپای عێراق چوونەتە نێو شارەدێیەکە و گەمارۆی تەواوەتیی پردێیان دا، هاوکات هەردوو رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک و پردێ - کەرکووک بە تەواوی داخران.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانی سوپای عێراق چاوەڕوانی ئەوە بوون چەکدارەکان لە نێو گەڕەک و ناوچە ئاوەدانەکانی پردێ بچنە دەرەوە بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی پارێزراو بن، هەر کە چەکدارەکان لە پردێ دەرچوون، هێزە سەربازییەکان راوەدوویان نان بەرەو گوندی قەرەبەگ، لەوێ بۆسەیان بۆ دانان و شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوانیاندا ڕووی دا.
هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، دوو هێلیکۆپتەری سوپای عێراق گەیشتنە ئاسمانی ناوچەکە و بە چڕی شوێنی چەکدارەکانی داعشیان بۆردومان کرد؛ لە ئەنجامی ئەو لێدانە ئاسمانییەدا سێ چەکداری داعش کوژران و ئەو کەسەشی کە چەکدارەکانی بە ئۆتۆمبێلەکە گواستبووەوە دەستگیر کرا.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای ناوچەکە، هێمن دەلۆ رایگەیاند: کە ژیان لە نێو پردێ ئاسایی بووەتەوە، بەڵام دانیشتووانی شارەدێیەکە نیگەرانن لەوەی کە ئەمە چەندین جارە چەکدارانی داعش دەتوانن بە ئاسانی دزە بکەنە نێو ناوچەکەیان.
بە پێی زانیارییەکان، بە دووریی دوو بۆ سێ کیلۆمەتر لە پردێوە بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە هەیە کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دروست بووە؛ ئەو ناوچەیە بەهۆی بوونی زەویی بەرفراوانی کشتوکاڵی، کۆنترۆڵکردنی ئاسان نییە و زۆرجار چەکدارانی داعش بە مانگ لە نێو پوش و پاوانی زەوییە کشتوکاڵییەکاندا خۆیان دەشارنەوە.
لەوبارەیەوە، چەندین جار جووتیارانی سنوورەکە بە کوردستان24ـیان راگەیاندووە، کە لەگەڵ تاریکبوونی شەودا، بەهۆی مەترسیی هێرش و جووڵەی داعشەوە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن سەردانی کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بکەن.
پەیامنێری کوردستان24 جەختی لەوەش کردەوە، کە بەهۆی بوونی ئەو دەیان بۆشاییە ئەمنییەوە کە بوونەتە دەروازەیەک بۆ هاتوچۆی ئاسانی چەکدارانی داعش لە شەواندا، زۆربەی گوندەکانی سنووری پردێ لە دانیشتووانەکەیان چۆڵ کراون؛ بۆیە هاووڵاتییانی سنوورەکە بە یەکدەنگ داوای گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بۆ ناوچەکانیان، تا بتوانن بە سەلامەتی و ئارامی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان.