هاووڵاتیەکی ئیسرائیلی چیرۆکی داپیرە بەدیل گیراوەکەی دەگێڕێتەوە

وێنەی، یافا ئادار
وێنەی، یافا ئادار

K24 - هەولێر

لەگەڵ ئەو هێرشە لەناکاوەی کە چەکدارانی حەماس بۆ سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل دەستیان پێکرد، وردە وردە چیرۆکی ئەو زیندانیانەی کە بوونەتە مانشێتی رۆژنامەکان ئاشکرا دەبن، هەروەها تا ئێستا ژمارەیەکی دیاریکراوی ئەو زیندانییانە نییە، کە کەوتوونەتە دەستی بزووتنەوەی حەماس.

تزیپی هۆتۆڤێلی باڵیۆزی ئیسرائیل لە بەریتانیا بە رۆژنامەی سکای نیوزی بەریتانی راگەیاند، "زیاتر لە 100 کەس رفێنراون و خێزانەکانیان نازانن لە کوێن".

لە نێو ئەمانەشدا ژنێکی بەتەمەن لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دەرکەوت کە چەکدارانی حەماس لێیان دەخوڕی، لەسەر شەقامەکانی غەززە، زۆری نەخایاند نەوەکەی بەهۆی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاودەبوونەوە ناسییەوە.

یافا ئادار، ژنێکی تەمەن 85 ساڵە، شانبەشانی چەکدارێکی بزووتنەوەی حەماس دەرکەوت، کە لە شارۆچکەیەکی ئیسرائیلەوە بەرەو کەرتی غەززە دەبرا.

ئەدڤا ئادار، نەوەکەی یافا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، پۆستێکی نووسیوە و وێنەیەکی داپیرە رفێنراوەکەی لە تەنیشت چەکدارەکانەوە داناوە و دەڵێت: "ئەمە داپیرەی منە! بە دیل گیراوە و بردراوە بۆ غەززە، ناوی یافا ئادارە، تەمەنی 85 ساڵە".

ئاماژەی بەوەشکرد، داپیرەم کە بە دەستی خۆی کیبوتسی دامەزراند و باوەڕی بە زایۆنیزمی هەبوو، ئەم وڵاتەی خۆشدەویست، بەڵام رفێندرا و رەنگە فڕێ بدرێتە شوێنێک، هەروەها بە ئازارێکی زۆرەوە دەناڵێنێت، بێ دەرمان، بێ خواردن و ئاو، ئەو ترساوە".

نەوەکەی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "کەس قسەمان لەگەڵ ناکات، کەس هیچ نازانێت، ئێمە ئەو زانیاریانەمان لە رێگەی ڤیدیۆکانەوە دەستکەوتووە کە لە ئینتەرنێتدا بڵاوبوونەتەوە، دەمەوێت ئەم وێنەیە لە مێشکی هەموو ئەندامانی ئەم حکومەتە شەرمەزارکەرەدا بمێنێت، با لێیان تێبگەن".

لەرۆژی شەممەی رابردووەوە، بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی مووشەکی بەرفراوانی کردە سەر ئیسرائیل بەسەدان کەس کوژران و بریندار بوون، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل بە چڕی بۆردوومانی کەرتی غەزە دەکات.
 

.