خامنەیی: دەست و نێوچەوانی گەنجانی بوێری فەڵەستینی ماچ دەکەین

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران

K24 - هەولێر:

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێوڕەسمێکی کۆلێژی ئەفسەرانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ فەڵەستین دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئەو دەستکەوتەی لەم چەند رۆژە لەسەر دەستی گەنجانی بوێری فەڵەستین بەدەستهاتووە، ئومێد دەکەن ببێتە هەنگاوێک بۆ رزگارکردنی فەڵەستین.

سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بەوەی لەپشت هێرشەکەی سەر ئیسرائیلەوەیە، خامنەیی گوتی: پشتیوانانی رژێمی ئیسرائیل و بەشێک لە بەرپرسانی رژێمەکەش لەم چەند رۆژەدا قسە لە سەر ئەوە دەکەن، گوایە کۆماری ئیسلامی ئێران لە پشتی هێرشەکەوەیە، هەڵەن، ئێمە بەرگری لە فەڵەستین و لە بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل دەکەین، دەست و نێوچەوانی پلانداڕێژەرانی هۆشمەند و گەنجانی بوێری فەڵەستینی ماچ دەکەین و شانازیان پێوە دەکەین.

رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە هێرشی ئەمجارەی باڵی سەربازی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل رایگەیاند، ئەوانەی وا دەزانن ئەمە کاری فەڵەستینییەکان نییە، ئەوا گەلی فەڵەستینیان نەناسیوە و خەڵکی فەڵەستینیان بە کەمزانیوە، ئەمەش هەڵەکەیانە و باجی هەڵەکەیان دەدەن.

عەلی خامنەیی بە ئەرکی تەواوی وڵاتانی موسڵمانی دەزانێت پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین بکەن، گوتیشی: ئێمەش پشتیوانیان دەبین، ئەو هێرشەشی کراوە کاری خودی فەڵەستینییەکانە، پلانداڕێژەرانی هۆشمەند و گەنجانی بوێر توانیویانە ئەم دەستکەوتەیان هەبێت و ئومێد دەکەین ئەمە هەنگاوێک بێت بۆ رزگارکردنی فەڵەستین.

کاتژمێر شەشی بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی ئیسرائیل داوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، جگە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل، ژمارەیەک چەکداری حەماسیش چوونەتە نێو سنوورەکانی ئیسرائیل و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان دەستپێکرد.

لە بەرانبەردا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەنگی دژی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین راگەیاند و هاووڵاتییانی کەرتی غەززەی ئاگادار کردەوە لەوەی، ناوچەکە بەجێبهێڵن.

بەهۆی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی یەکدی، تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە پێنج هەزار کەسیش بریندار بوون.