لە کەرکووک چلەی ماتەمینی شەهیدەکانی دووی ئەیلوول بەڕێوەچوو
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی ئۆکتۆبەر، لە شاری کەرکووک مەراسیمی چلەی ماتەمینی ئەو چوار شەهیدە کوردە بەڕێوەچوو کە لە خۆپیشاندانەکانی دووی ئەیلوولی مانگی رابردوو بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک شەهید کران.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە مەراسیمی چلەی ماتەمینی چوار شەهیدەکەی دووی ئەیلوول رایگەیاند، ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە، بەڵام ئەرکی سەرشانی ئێمەیە کە رێز لە پێکهاتەکانی ئەم شارە بگرین، ئەزموونی هەرێمی کوردستانیش باشترین نموونەیە بۆ ئەو بابەتە، کە رۆژانە دەبینین پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لە شوێنەکانی دیکە چییان بەرانبەر دەکرێت.
سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی شەهیدکردنی چوار هاووڵاتی کورد لە دووی ئەیلوولی 2023 لە کەرکووک، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەدا: "تێبینیمان لەسەر لیژنەی لێکۆڵینەوە هەبوو کە ئەرکەکانی خۆیان دڵسۆزانە و بەپێی یاسا ئەنجام نادەن، داوای گۆڕانکاریمان کرد لە لیژنەکە، دواتر لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراقمان ناردە کەرکووک، لە هەفتەی رابردووشدا لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوای دوا راپۆرتی لە حکومەتی عێراق کرد لەبارەی رووداوەکە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری تاوانبارکردنی ئەو هێزانە بدرێت کە دەستیان لە شەهید کردنی رۆڵەکانمان هەیە، بە توندی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان قسەی کرد، تەنانەت گەیشتە ئاستێک کە سەرۆکوەزیرانی عێراق هەمان رۆژ پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد و دڵنیایی دا کە ئەو تاوانە بەبێ سزا تێناپەڕێت".

رۆژى 2ـى ئەیلوولی 2023، لە گەڕەکی رەحیماوەى شاری کەرکووک، هاووڵاتییان لە دژى داخستنی رێگەى کەرکووک - هەولێر، بە ئاڵای کوردستانەوە دەستیان بە خۆپیشاندانی هێمنانە کرد، بەڵام بەهۆی رێگری هێزە عێراقییەکان، خۆپیشاندان گرژی تێکەوت و چوار هاووڵاتیی کورد بە گولـلـە هێزە ئەمنییەکان شەهیدکران و دەیان خۆپیشاندەری کوردیش بریندار کران.
لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتیی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون و ژمارەیەک گەنجی کوردی شارەکەش دەستگیرکران.

هەرچەندە دوای رووداوەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق، بڕیاریاندا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستی رووداوەکان و بە سزاگەیاندنی سەرپێچیکاران، بەڵام تاوەکو ئێستا نە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی فەرمی راگەیەندراوە و نە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتەبەر کە بوونە هۆی شەهیدکردن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی کەرکووک.
مەراسیمی چلەی ماتەمینی شەهیدەکانی دووی ئەیلوول لەلایەن لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرووک سەرپەرشتی کرا.
لەلای خۆیەوە، کاوە ئەحمەد فەتحوڵڵا، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە وەک رێکاری یاسایی و داواکاری خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان ئەوەیە، بابەتەکە لەرێگەی دادگاکانی کەرکووکەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
ئاماژەی بەوەدا، شەهیدکردنی ئەو چوار خۆپیشاندەرە کوردە و بریندارکردنی ژمارەیەکی دیکە، بووەتە کەیسێکی یاسایی گوتیشی: کەس ناتوانێت ئێمە بگەڕێنێتەوە لەوەی واز لە مافە رەواکانی خۆمان بهێنین.
بۆچی لە کەرکووک خۆپیشاندان کرا؟
دوای فەرمانێکی محەممەد شیاع سوودانی بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک، رۆژی (28ـی ئابی 2023)، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.
داخستنی شاڕێی شارەکە، کاریگەری تەواوی لەسەر راگرتنی کار و کەسابەتی هاووڵاتییان دروستکرد و بووە هۆی دروستکردنی ئاستەنگیش لە هاتووچۆی نێوان کەرکووک - هەولێر، بەتایبەتی لە گەڕەکە کوردنشینەکان بێزاری و بارگرانییەکی زۆر بۆ دانیشتووانەکەی دروستکرا، ئەمەش وایکرد هاووڵاتییان سەرەڕای رەتکردنەوەی ئەو بێڕێزی و دەستدرێژییانەی لەناوچەکانیان دەکرێت، داوای کۆتاییهێنان بەو دۆخە دەکەن کە دروستکراوە.
لە کاتی خۆپیشاندانەکەش کە کوردستان24 رووماڵێکی فراوانی کرد، خۆپیشاندەران ئاماژەیان بەوەکرد، ئەوان وەک کورد خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە بۆ کۆتاییهێنان بەو رێگری و دژایەتییانەی بەشێک لە حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئیدارەی خۆسەپێنی شارەکە و هەندێک لەلایەنی شۆڤێنییەکانی شارەکە لە دژی دانیشتووانی کورد ئەنجامی دەدەن.
هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکان
لە یەکەم کاردانەوەدا، سەرۆک بارزانی لە رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئەم جۆرە رەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نییە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، رشتنی خوێنی رۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت".
سەرۆک بارزانی، داوای لە سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ کردووە، سنوورێك بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و ڕێگرییە بهێندرێت كە ڕاستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەلای خۆیەوە لە پەیامێکدا رایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی ئاژاوەکانی دژ بە دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە کەرکووک دەکەین، سەرکۆنەی شەهیدکردن و بریندارکردنی هاونیشتمانیانی کورد دەکەین، کە لە لایەن شۆڤینیەکانەوە هێرشیان کراوەتەسەر.
ههروهها سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی داوای لە سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ کرد بە پەلە کۆنترۆڵی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە بکات و سەر و ماڵی هاونیشتمانیان و خۆپیشاندەران بپارێزن و چیتر رێگە بە کەسانی نابەرپرس نەدات بارودۆخەکە ئاڵۆزتر بکەن.
لەلایەن خۆشیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا و داوایکرد لايهنه ئهمنييهكانى شارهكه، بێ جياوازى ئارامى و سهقامگيرى ههموو پێكهاتهكانى كهركووك بپارێزن و رێگه له پشێوى و ئاڵۆزكردنى زياترى دۆخى ئهمنی شارهكه بگيرێت، ههروهها بهدواداچوون و لێپێچينهوهى ياسايى بهرامبهر تهقهكهران بكرێت كه شههيد و بريندارى لێكهوتهوه.