مایکرۆسۆفت بە 69 ملیار دۆلار دروستکەری کۆڵ ئۆف دیوتی کڕی

K24 - هەولێر
مایکرۆسۆفت بە بڕی 69 ملیار دۆلار کۆمپانیای ئاکتیڤژن بلیزاردی کڕی، بەڵام تا چەند دەتوانێت سوود لەو یارییانە وەرگرێت لە رکابەرییەکە گەورەکەی بەرامبەر بە سۆنی و پلەیستەیشن؟ جگە لەوەی دەیەوێت لەرێگەی دروستکەری یاری کاندی کراش بازاڕی مۆبایل داگیربکات کەوا کۆمپانیاییەکی وەکو ئەپڵی ئەمریکی و تێنسێنتی چینی دەیان ساڵە تێیدا پێشەنگن.
دوای 20 مانگ لە بەردەرگای دادگا و رێگەپێدەرانی ئەمریکی و ئەوروپی لە کۆتاییدا مایکرۆسۆفت توانی حکومەتەکانی جیهان رازی بکات تا رێگەی بدەن کۆمپانیای ئاکتیڤژن بلیزارد کینگ بکڕێت، لە هەوڵێک زۆرێک دەڵێت قۆرخکاری بازاڕە بەڵام فیل سپێسنەری سەرۆکی بەشی گەیمینگی مایکرۆسۆفت بە "فراوانکردنی بواری گەیمینگ" ناوی دەهێنێت.
مایکرۆسۆفت لەماوەی 10 ساڵی رابردوو کێشەی دروستکردنی یاری رەسەن و بەهێزی هەبووە، کە پلەیستەیشنی سۆنی بە پێشەنگی یارییە چیڕۆکییەکان دادەنرێت، مایکرۆسۆفت بۆ ئەوەی لەو رکابەرییە بمێنێتەوە دەرگای بانکەکانی کردەوە و کۆمپانیای Bethesdaـی بە نزیکەی 7 ملیار دۆلاری کڕی، چەندین ستودیۆی بچووک و جیاوازی کڕی وە لە کۆتاییدا توانی بە بڕی 69 ملیار دۆلار کۆمپانیای ئاکتیڤژن بلیزارد کینگی بکڕێت کە خاوەنی تۆنێک زنجیرە یاری جیاوازن گرنگترینیان یارییەکانی Call of Duty و Overwatch و Candy Crashـن، مایکرۆسۆفت لەمەودوا کۆنترۆڵی تەواوی لەسەر ئەو یارییانە هەیە و دەیەوێت بیانخاتە سەر خزمەتگوزاری مانگانەی GamePass کە مانگانە بەرامبەر بڕە پارەیەکی وەکو 10 دۆلار سەدان یاری بەخۆڕایی دەداتە گەیمەرانی ئێکسبۆکس و PC.
ئەمە گەورەترین کڕین و فرۆشتنی کۆمپانیاکانە لەماوەی چوار ساڵی رابردوو لە ئەمریکا کاتێک دیزنی کۆمپانیای فۆکسی بە بڕی 71 ملیار دۆلار کڕی، کڕینەکەی مایکرۆسۆفت گەورەترین کڕینی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانە لە مێژوودا، بە کڕینێک دادەنرێت کە وێبسایتی The Verge و Cnet بە دەستپێکی قۆرخکاری بازاڕی ئازاد لە ئەمریکا و جیهان ناوی دەهێنن.

گەورەترین لایەن سوود لەو کڕین و فرۆشتنە وەرگرێت گەیمەرانی ئێکسبۆکس و PCـە ئیدی لەمەودوا پێویست ناکات یارییەکانی Call of Duty بە 70 دۆلار بکڕن، دەتوانن یارییەکان بە خۆڕایی لە خزمەتگوزاری گەیمپاس تاقیبکەنەوە کە هەرچەندە مانگانە یان ساڵانە بڕە پارەیەک دەبێت بدەن، ئاکتیڤژن بە فەرمی رایگەیاند مۆدرن وارفێری 3ـی ئەمساڵ ناچێتە سەر گەیمپاس ئەمساڵ، بەڵکو لە سەرەتای ساڵی داهاتوو یارییەکان دەخەنە سەر گەیمپاس و گەیمەران سوودیان لێ وەردەگرن.