ئۆپن ئەی ئای و ئەپڵ لە دادگا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە

ئاستی ململانێکانی نێوان هەردوو کۆمپانیای ئەپڵ و ئۆپن ئەی ئای گەیشتە لووتکە، ئەمەش دوای ئەوەی هەردوو زەبەلاحەکەی بواری تەکنەلۆژیا تۆمەتی دزینی نهێنییە بازرگانییەکانیان ئاراستەی یەکتری کرد، لە کاتێکدا پێشبڕکێ بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی ئامێرە زیرەکە پەیوەستکراوەکان بە ئینتەرنێتەوە گەرمتر بووە.

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای رۆژی هەینی سکاڵایەکی یاسایی لەسەر کۆمپانیای ئەپڵ تۆمار کرد و تۆمەتباری کرد بە دزینی نهێنییە بازرگانییەکان و فشارخستنە سەر دابینکەرە هاوبەشەکان، بە ئامانجی رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی کۆمپانیاکە بۆ ناو بازاڕی ئامێرە زیرەکەکان.

سکاڵاکە کە پێشکەشی دادگایەکی فیدراڵی لە شاری سان خۆزێی ویلایەتی کالیفۆرنیا کراوە، وەک وەڵامێک دێت بۆ سکاڵایەکی ئەپڵ کە لە 10ـی تەمموزی رابردوودا تۆماری کردبوو، تێیدا ئۆپن ئەی ئای و دوو کارمەندی پێشووی خۆی بە دزینی نهێنییە بازرگانییەکان تۆمەتبار کردبوو.

لای خۆیەوە کۆمپانیای ئەپڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەم هەنگاوەی ئۆپن ئەی ئای هەوڵێکی روونە بۆ لادانی سەرنج لەسەر کرۆکی ئەو سکاڵایەی ئەوان تۆماریان کردووە. ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بەڵگەنامانەی لە میانی رێکارە یاساییەکاندا دەستیان کەوتووە دەریاندەخات دوو کارمەندە پێشووەکەیان سەدان فایلی نهێنییان بەکارهێناوە کاتێک چوونەتە کۆمپانیا گەشەپێدەرەکەی بەرنامەی چات جی پی تی.

لە هاوبەشییەوە بۆ رکابەری

ئەم رووبەڕووبوونەوە دادوەرییە دوای ئەوە دێت کە پەیوەندیی نێوان هەردوو کۆمپانیاکە کە لە ساڵی 2024ـەوە و دوای تێکەڵکردنی چات جی پی تی لە بەرهەمەکانی ئەپڵدا هاوبەش بوون، گۆڕا بۆ رکابەرییەکی راستەوخۆ لە بازاڕی ئامێرە زیرەکەکاندا.

لە ئێستادا ئۆپن ئەی ئای خۆی ئامادە دەکات بۆ راگەیاندنی یەکەمین ئامێرەکانی کە تایبەت بۆ بەرنامەکەی دیزاین کراون، هەفتانە 1.2 ملیار کەس بەکاری دەهێنن، ئەمەش بە هاوکاری لەگەڵ ستۆدیۆی جۆنی ئایڤ، بەرپرسی پێشووی دیزاین لە کۆمپانیای ئەپڵ.

بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگا، یەکەمین ئامێری کۆمپانیاکە کە بڵندگۆیەکی بچووکی بێ شاشەیە، پێش کۆتایی مانگی شوباتی 2027 ناخرێتە بازاڕەوە.

ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدایە کە کێبڕکێی نێوان کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا روو لە زیادبوونە؛ کۆمپانیای ئەمازۆن مەودای بەردەستبوونی یاریدەدەرە زیرەکەکەی بە ناوی ئەلێکسا فراوانتر کردووە، کۆمپانیای مێتاش ئامادەکاری دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی ئامێرە بچووکەکەی بە ناوی میوز چارم لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوودا، هاوکات ئەپڵیش لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە دەستی کردووە بە فرۆشتنی یەکەمین شاشەی تایبەت بە ماڵە زیرەکەکان.

تۆمەتی رکابەریی ناڕەوا

پارێزەرانی ئۆپن ئەی ئای کۆمپانیای ئەپڵیان تۆمەتبار کرد بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی رکابەریی ناڕەوا ، ئەویش لە رێگەی فشارخستنە سەر دابینکەرە هاوبەشەکان و داواکردن لێیان بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی پڕۆژەکان و ئەو کارمەندانەی ئەرکی جێبەجێکردنیان پێسپێردراوە.

پارێزەران ئاماژەیان بەوە کرد، هەندێک لە دابینکەران ترسیان لە لەدەستدانی گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئەپڵ دەربڕیوە، ئەمەش وای لێکردوون کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئۆپن ئەی ئای بگوازنەوە یان دوای بخەن. بەپێی سکاڵاکە، یەکێک لە دابینکەران تیمێکی تەرخان کردووە کە بە شەوان کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئۆپن ئەی ئای بکات، لە کاتێکدا دابینکەرێکی دیکە بەهۆی هەڕەشەکانی کۆمپانیای ئەپڵەوە لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانە کشاوەتەوە کە پلانیان بۆ دانرابوو.

ئەپڵ جەختیدەکاتەوە دابینکەرەکانی ئازادن لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا رکابەرەکان، بە مەرجێک نهێنیی ئەو زانیاری و تەکنەلۆژیایانە بپارێزن کە بە هاوکاریی ئەو کۆمپانیایە پەرەیان پێدراوە. ئەپڵ، ئۆپن ئەی ئای تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیایەکی نهێنیی تایبەت بە چارەسەرکردنی رووی کانزاکانی لە یەکێک لە دابینکەران داوە، ئەوەش لە رێگەی دروستکردنی وەهم بۆ دابینکەرەکە کە گوایە رەزامەندیی ئەپڵی وەرگرتووە.

لە هەمان چوارچێوەدا، ئۆپن ئەی ئای کارمەندێکی پێشووی خۆی تۆمەتبار کردووە کە دوای 6 مانگ کارکردن گەڕاوەتەوە لای ئەپڵ، بەوەی دەیان بەڵگەنامەی پەیوەست بە نموونەیەکی سەرەتایی ناردووە بۆ هەژمارە کەسییەکانی خۆی، بەر لەوەی پڕۆژەکانی کۆمپانیاکە بخاتە بەردەم بەرپرسە جێبەجێکارەکانی ئەپڵ.

ئەپڵ لە وەڵامدا رایگەیاند، لێکۆڵینەوەی لەم تۆمەتانە کردووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی دەستنەکەوتووە کە راستیی ئەو تۆمەتانە بسەلمێنێت.

ناکۆکییەکە پەرەی سەندووە بۆ سیاسەتی راکێشانی کارمەندانیش. پارێزەرانی ئۆپن ئەی ئای ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەرامبەر بە بڕگەیەک کە رێگری لە کارمەندە پێشووەکانی ئەپڵ دەکات بۆ ماوەی ساڵێک دوای جێهێشتنی کۆمپانیاکە، هەوڵی راکێشانی هاوکارەکانیان بدەن. هەروەها ئەپڵیان تۆمەتبار کردووە بەوەی کارمەندەکانی هان دەدات فایلەکانی کار لەگەڵ هەژمارە کەسییەکانیان لە خزمەتگوزاریی کۆگاکردنی هەوریی ئای کلاود تێکەڵ بکەن، تاوەکو دواتر لە کاتی جێهێشتنی کۆمپانیاکەدا بتوانرێت بە دزینی زانیاری تۆمەتبار بکرێن.

ئەپڵ ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە کە راهێنان بە کارمەندەکانی دەکات بۆ جیاکردنەوەی فایلە پیشەیی و کەسییەکان، گرێبەستەکانیشیان رێگرییان لێ ناکات لە گواستنەوە بۆ کارکردن لە کۆمپانیا رکابەرەکاندا.

لە تشرینی یەکەمی رابردوودا، ئۆپن ئەی ئای بەڵێنیدا ئەو زانیارییانە بەکارنەهێنێت کە ئەپڵ بە نهێنیی بازرگانی دەناسێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی دادوەر ئاماژەی بە ئەگەری دەرکردنی فەرمانێکی دادوەری کرد بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانیان تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکە.