مەحموود عەباس بۆ بلینکن: بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی کەس لە ناوچەکەدا چێژ لە ئاشتی نابینێت

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی پەخشی ئیسرائیل، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە مەحمود عەباسی سەرۆکی فەڵەستینی راگەیاندووە، شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بە ئامانجی کۆتایی هێنانە بە بزووتنەوەی حەماس، شەڕەکە دژی دانیشتووانی ئەو وڵاتە نییە، داوای لێکردووە کار بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە کەناری رۆژئاوا بکات.

سەرچاوە فەڵەستینییەکان بە شەرقولئەوسەتیان راگەیاند، بلینکن داوای لە عەباس کردووە کاربکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دۆخی کەرتی رۆژئاوا پەرە نەسەنێت، بەڵام عەباس پێی راگەیاندووە، ئەوەی کە وادەکات گرژییەکانی کەرتی رۆژئاوا پەرەبسێنێت، ئەوە حکومەتی ئیسرائیل و ئەوانەن کە خەڵک دەکوژن و هێرش دەکەنە سەر ئەقسا.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بلینکن لە کۆبوونەوەکەدا پاڵپشتی ئەمەریکای بۆ هێرشی ئیسرائیلییەکان بۆ سەر غەززە دووپاتکردووەتەوە، لەبەرامبەردا عەباس پرسیاری لێکردووە ئەو شایەتحاڵی ئەو تاوانانە بوو کە لە کەرتی غەززە روودەدەن، لەوانەش فڕێدانی بۆمب و مووشەک بەسەر سەری کۆرپەلە و ژناندا، هەروەها کوشتنیان و برسیکردنی خەڵکی غەززە و پچڕاندنی کارەبا و ئاو و دەرمانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس.

بلینکن لەوەڵامدا هەوڵیداوە سەرنجی لەسەر ئەوەبێت کە "حەماس" بەرپرسیارە لە رووداوەکان، بەڵام عەباس گوتی: ئیسرائیل و حکومەتەکەی و دانیشتووانەکەی، هەروەها دەستبەرداربوونی تەلئەبیب لە پابەندبوونەکانی بە ئاشتی، ئەوەیە کە بابەتەکەی گەیاندۆتە ئەم ئاستە و چی لە غەززە روودەدات و توندوتیژی فراوانتر دەکات، دەشڵێت: بەبێ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی کەس لە ناوچەکەدا چێژ لە ئاشتی نابینێت.

عەباس راشیگەیاند، ئەمەریکا نەیتوانیووە پاڵپشتی و سەپاندنی ئاشتی لەگەڵ لایەنە میانڕەوەکانی ناوچەکەدا بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە روویدا.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی فەڵەستین داوای ئیسرائیلی بۆ چۆڵکردنی فەڵەستینییەکان بۆ باشووری غەززە رەتکردەوە، هەروەها بیرۆکەی رێڕەوی سەلامەتی لە غەززەوە بۆ میسر رەتکردەوە و بە کارەساتی دووەم وەسفی کرد و گوتی: دەبێت دەستبەجێ دەستدرێژی بوەستێنرێت و ڕێڕەوی مرۆیی دابنرێت بۆ دابینکردنی پێداویستی پزیشکی و گەیاندنی ئاو و کارەبا و سووتەمەنی بۆ دانیشتوانی غەززە.

لە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشی "زریانی ئەقسا"ـی کردە سەر ئیسرائیل زیاتر لە هەزار کەس کوژران، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردوومانی کەرتی غەززەی کرد و تاوەکو ئێستاش شەڕ بەردەوامە، کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 2329 فەڵەستینی و برینداربوونی 9714 کەسی دیکە.

Fly Erbil Advertisment