پارێزگاری نەینەوا: چەکدارە بیانییەکانی شنگال رەوانەی قەندیل و لایەنی نێوەدەوڵەتی دەکرێنەوە
"سوود لە ئەزموون و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرین"
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت، پارێزگاری نەینەوا چەندین بڕیار و گۆڕانکاریی ستراتیژیی لە قەزای شنگال و سەنتەری شاری موسڵ راگەیاند، کە گرنگترینیان چارەسەرکردنی پرسی گرووپە چەکدارەکان و کەمکردنەوەی سیمای سەربازییە لە شارەکەدا.
عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژی" کوردستان24 کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات، رایگەیاند، بەهۆی ئەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی بە ناوچەکەدا تێدەپەڕێت و مەترسییەکانی جەنگ لە گەرووی هورمز کە کاریگەریی گەورەی لەسەر هەناردەی نەوت و ئابووریی عێراق هەیە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەوڵێکی چڕی دەستپێکردووە بۆ جێبەجێکردنی ئیرادەی نێودەوڵەتی و چەککردنی گرووپە لەیاسادەرچووەکان.
چارەنووسی هێزە چەکدارەکان و چۆڵکردنی شنگال لە پەکەکە
لەبارەی دۆخی ئەمنیی شنگالەوە، پارێزگاری نەینەوا روونی کردەوە، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی حکوومەتەکانی عێراقدا، بەغدا بە فەرمی داوا لە گرووپە چەکدارەکان دەکات چەک دابنێن. ئاماژەی بەوەش دا، چوار هەزار و 165 چەکداری یەبەشە، کە لە بنەڕەتدا هاووڵاتیی عێراقی و ئێزدین، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی حکوومەتدا تێکەڵ بە هێزە ئەمنییەکان و سوپای عێراق دەکرێن.
سەبارەت بە چەکدارە بیانییەکانیش گوتی "چەکدارە بیانییەکان دەگوازرێنەوە بۆ قەندیل و لایەنی نێودەوڵەتی، چونکە لە راستیدا پەکەکە تەنیا رووپۆشێک بووە بۆ هێزەکانی یەبەشە". هەروەها جەختی کردەوە، بەپێی رێککەوتنی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، چیای شنگال بەتەواوی لە هێزەکانی پەکەکە و یەبەشە چۆڵ دەکرێت، لە بەرامبەریشدا تورکیا هێزەکانی لە ناوچەکانی وەک "باشیک" دەکشێنێتەوە.
جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە
عەبدولقادر دەخیل ئاماژەی بەوە دا، شنگال هێشتا بەدەست کێشەی ئەمنی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەمیی خزمەتگوزارییەوە گرفتارە. بۆیە پێویستە گفتوگۆیەکی راستەقینە بکرێت بۆ ئاساییکردنەوەی تەواوەتیی دۆخەکە. نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کە رێککەوتنی شنگال لە سەردەمی مستەفا کازمی واژۆ کرا، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، رایگەیاند "پێویستە ئەو ڕێککەوتنە بەتەواوی جێبەجێ بکرێت و تەنیا چارەسەرێکی نیوەچڵ نەبێت، چونکە تاوانەکانی داعش بەرامبەر بە ئێزدییەکان جۆرێکی دیکە بوو لە تیرۆر، کاتێک داوا لە ئاوارەکان دەکەین بگەڕێنەوە، دەبێت خزمەتگوزاریی تەواویان بۆ دابین بکرێت."
سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری نەینەوا باسی لە بوژانەوەی شاری موسڵ کرد و رایگەیاند، ئێستا دەسەڵاتی کارگێڕیی و ئەمنیی پارێزگاکە بەتەواوی لە دەستی ئیدارەی خۆجێییدایە و سەردەمی باڵادەستیی گرووپە چەکدارەکان بەسەر ئابووریی شارەکەدا کۆتایی هاتووە. هەروەها ستایشی رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد لە پشتیوانیکردنی پێشکەوتنەکانی موسڵ و رایگەیاند، پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە.
عەبدولقادر دەخیل گوتیشی "ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێناندا ئەزموونێکی زۆر باڵایە، ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو ئەزموونە رابکێشینە ناو موسڵ و داوا لە وەبەرهێنەرانی کورد دەکەین بێن لە نەینەوا کار بکەن."
گواستنەوەی بارەگا سەربازییەکان و بەمەدەنیبوونی شاری موسڵ
سەبارەت بە زۆریی بازگە و هێزە ئەمنییەکان لەناو شاردا کە وایکردووە موسڵ سیمایەکی سەربازیی هەبێت، پارێزگاری نەینەوا بڕیارێکی گرنگی ئاشکرا کرد و گوتی "بەهۆی ئەوەی نەینەوا بۆ ماوەی سێ ساڵ لەلایەن تیرۆریستانەوە داگیرکرابوو، شیرازەی کۆمەڵایەتیی تێکچووبوو، بەڵام ئێستا قۆناغ بە قۆناغ شارەکە خۆی دروست دەکاتەوە. سێ ڕۆژ لەمەوبەر بڕیارێکی بێوێنەمان لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانەوە پێگەیشتووە کە سەرجەم بارەگا ئەمنییەکانی ناو شاری موسڵ دەگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی شارەکە."
روونیشی کردەوە کە ئامانج لەم هەنگاوە ئەوەیە موسڵ ببێتە شارێکی مەدەنی و گەشتیاری، و لەمەودوا لەبری بوونی سلکی سەربازیی زۆر، ئاسایشی شارەکە پشت بە تەکنەلۆژیا و کاری هەواڵگریی ڕێکخراو دەبەستێت.