ئایدن مەعروف: دواخستنی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی کوردستان جێگەی گومانە

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئاماژە بەوە دەدات، دواخستنی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی سکاڵاکانی دژ بە ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێگەی گومانە و، "پێویستە دادگاکە ڕەچاوی بارودۆخی پێکهاتەکان بکات و بڕیارێک نەدات بێبەشیان بکات لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان".

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات ئەندامی مەکتەب سیاسی بەرەی تورکمانیی عێراقییە؛ لەگەڵ نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنییەکانی سەر بە پێکهاتەی تورکمان کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو سکاڵایانەی دژ بە ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراون. 

رۆژی یەکشەممە 15ى  ئۆکتۆبەری 2023، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەبارەی ژمارەیەک سکاڵا کە لە دژی پێنج ماددەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوون، کۆبووەوە؛ بەڵام جارێکی دیکە کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی یەکشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2023 دواخرا.

ئایدن مەعروف دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "دواخستنی دانیشتنە یەک لەدوا یەکەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکانی دژی ژمارەیەک ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێگەی گومانە. پێویستە دانیشتنەکە بکرێت، ئەم پرسە یەکلابکرێتەوە و بڕیارێک بدرێت لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت."

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

بە گوتەی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، "هەندێک لایەن دەیانەوێت بابەتی ژمارەی کورسی پێکهاتەی تورکمان تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکەن و بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکاربهێنن. داوا دەکەین دادگای فیدراڵی ڕەچاوی بارودۆخی پێکهاتەکان بکات و ئەم سکاڵایانە رەتبکاتەوە. ئەم بابەتە تایبەتە بە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمان دەتوانێت گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردندا بکات. پێمانوایە هەر بڕیارێک لە دژی پێکهاتەکان بدرێت، کاریگەری لەسەر ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییە دروست دەکات کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و شانازی پێوە دەکەین".

بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسیی کۆتا لە پەرلەمانى کوردستان بۆ کلدان، سریان و ئاشووری تەرخان دەکرێن، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن، ئەوەش جگە لە تەرخانکردنى پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان.

ئەگەر دادگە لە بەرژەوەندیی سکاڵاکار بڕیار بدات؛ 11 کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ شەش کەمدەبێتەوە و تورکمانەکان هیچ کورسییەکیان لە پەرلەمان نامێنێت.

لەبارەی بەشداریی پێکهاتەی تورکمان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئاماژەی بەوە کرد، "هەندێک لایەنی سیاسی داوایان کردووە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 1992 بکرێت؛ ئەگەر هەڵبژاردن بەم یاسایە بکرێت، پێکهاتەی تورکمان هیچ کورسییەکی لە پەرلەمان نابێت و لە هەڵبژاردنەکە بێ بەش دەبێت، چونکە لە یاساکەدا، هەر پێنج کورسییەکەی کۆتاکان بەسەر پێکهاتەکانی کلدانی، سریانی و ئاشووری دابەشکراون".

ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی باسی لەوەش کرد، "هەندێک لایەنی دیکە داوایان لە دادگای فیدراڵی کردووە، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بە هەمان یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی عێراق بکرێت؛ ئەگەر هەڵبژاردن لەسەر بنەمای ئەو یاسایە بکرێت، بە هەمان شێوە پێکهاتەی تورکمان لە هەڵبژاردنەکە بێ بەش دەکرێت. کەواتە بە هەردوو یاساکە تورکمانەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بێ بەش دەبن".

ناوبراو جەخت لەوە دەکاتەوە، "پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بێ لایەنن و لە ململانێیە سیاسییەکاندا پشتگیری لە هیچ لایەنێک ناکەن" و دووپاتیشی دەکاتەوە، "بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان زۆر گرنگە و پێویستە پشتیوانی لە بەشداریکردنیان بکرێت".

ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەش کرد، "پێکەوەژیانی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان بابەتێکی زۆر گرنگ و هەستیارە و پێویستە هەمووان بەیەکەوە کار بۆ پاراستنی ئەم پێکەوەژیانە ئاشتییە بکەین. ئێمەی پێکهاتەکان و بەتایبەت پێکهاتەی تورکمان هەمیشە لەگەڵ ئەوە دابووینە سەقامگیری سیاسیی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان هەبێت".