شاندی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له فرانكفۆرت پێشوازی له ستافی دامه‌زراوه‌ی كولتووری نەمسا کرد

K24 – هەولێر:
شاندی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لەمیانی سەردانیکردنی بۆ پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كتێبی فرانكفۆرت، پێشوازی لە"پاوڵ كلینگ" به‌رپرسی دامەزراوەی نه‌مسایی تایبه‌ت به گرنگیدان به کو‌لتوور و ئەدەبی گه‌لان كرد.
له دیدارێكدا شاندی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حوکمەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژه‌دان به گرنگی و بایه‌خی خزمه‌ته‌كانی دامه‌زراوه‌ی كولتووری و ئەدەبی نەمسا، باسیان له پڕۆژه‌كانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، به مه‌به‌ستی گرنگیدان به وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می نووسه‌رانی كورد بۆ زمانه زیندووه‌كانی جیهان.
هه‌روه‌ها باسیان له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان كرد، كه دوو كتێبی تایبه‌ت به مێژوو و زمان و ئه‌ده‌بی كوردین و وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و هه‌ردوو كتێبه‌كه‌یان پێشكه‌ش به "پاوڵ كلینگ" سه‌رۆكی دامه‌زراوه نه‌مساییه‌كه كرد.
دامه‌زراوه‌ی کو‌لتوور و ئەدەبی نەمسا له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا ژماره‌یه‌ك كتێب و به‌رهه‌می نووسه‌رانی كوردی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی ئینگلیزی و بڵاویكردوونه‌ته‌وه.
