کتێبی "دیاریکردنی سنووری ئێران-عوسمانی" بە کوردی بڵاودەکرێتەوە
K24 - هەولێر
دوای 170ساڵ لە بڵاوبوونەوەی کتێبی "دیاریکردنی سنووری ئێران - عوسمانی" بە تورکی عوسمانلی، بۆ یەکەمجار چاپی کوردی کتێبەکە بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە، وەرگێڕی ئەو کتێبە دەڵێت: هیوادارم زانکۆکانی کوردستان بەشی مێژوو ئاوڕێک لەم کتێبە بدەنەوە و قوتابییەک نامەی ماستەر یان دکتۆرا لەسەر ئەم بەرهەمە بنووسێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 21 تشرینی یەکەمی 2023، نەجاتی عەبدوڵڵا، رایگەیاند، دوای (170) ساڵ لە بڵاوبوونەوەی بە عوسمانلی، سنوورننامەکەی دەروێش پاشا لەبارەی، "دیاریکردنی سنووری ئێران-عوسمانی" بۆیەکەمجار بە کوردی بڵاودەکرێتەوە، دوای واژۆکردنی پەیماننامەی دووەمی ئەرزەرۆم 31ی ئایاری 1847 و بەگوێرەی ماددەی سێیەمی پەیماننامەکە دەبوو کۆمسیۆنێکی چوارینەی نێودەوڵەتیی هاوبەش لە نوێنەرانی هەر چوار دەوڵەت "دەوڵەتی عوسمانی، ئێران، رووسیا و بەریتانیا" دروست بکرێ بۆ دەستنیشانکردن و دیاریکردنی سنووری ئێران و عوسمانی هەر لە محەممەدەوە تا ئاگری داغ.
نەجاتی عەبدوڵڵا، دەڵێت: "سەرۆکی شاندی عوسمانی بۆ کۆمسیۆنەکە سەید دەروێش محەممەد ئەمین ناسراو بە (دەروێش پاشا) بوو، کە لەماوەی ساڵەکانی 1848 تا 1852 بۆ ماوەی چوار ساڵ وەک سەرۆکی شاندی عوسمانی بۆ دیاریکردنی سنوور، بست بە بست بەناو هەموو ناوچە سنوورییەکاندا گەڕاوە و زانیاری و داتای زۆر وردی لەبارەی هۆزە کوردەکان و سەرۆک هۆزەکانی ناوچەکە و گوند و شار و شارۆچکەکان کۆکردووەتەوە، کە دەکرێ بڵێین زۆرترین بەشی یادداشتنامە یا راپۆرتەکە لەبارەی ناوچەکانی کوردستان بووە و بەم کارە دەروێش پاشا لەو رێگەیەوە وێنەیەکی زۆر زیندووی مێژووی ئەو سەردەمە و زانیاری و مێژوویی بە داوێنی لەبارەی سەرۆک هۆزە کوردەکان و دابەشبوونیان و ژمارەی گوند و رەشماڵ و هۆبە و ماڵ بە ماڵی هۆزەکانی کورد دەست نیشان کردووە، کە ئەستەمە لە کتێبێکی دیکەدا ئەو هەموو زانیارییە ورد و ژمارە و داتایانە بدۆزینەوە. بۆ مێژووی ئێمە هەزار جار لەو خزمەتەی کە بۆ دەوڵەتی عوسمانی کردوویەتی، ئەمڕۆ بۆ ئێمە زیاترە و کتێبەکە لێواولێوە لە زانیاریی گرینگ لەبارەی کوردستان لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمدا، کە بەدڵنیاییەوە ئەم کارە یەکێکە لە سەرچاوە دەگمەنەکانی ئێمە لەم ماوە مێژووییەدا".
وەرگێڕی دیاریکردنی سنووری ئێران - عوسمانی گوتیشی: "دەروێش پاشا لەم کتێبەیدا هێندە بەشێوەیەکی زانستی و لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانیی ورد بەدواداچوونەکانی خۆی نووسیوەتەوە، کە بووەتە کارێکی بێ وێنە و زۆر بەتایبەتیش کە ئەم کارە تەرخانکراوە بۆ مێژووی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەمی کوردستان، بۆ نموونە لە باسی شاری شنۆ ئاوا زانیارییەکانی بە وردی داڕشتووە: ژمارەی ماڵ، پێکهاتەی ئایینی، دابەشبوونی ئایینی و ئیتنیکی، مەزهەبی و داهات، ئەمە کارێکە تا ئەوپەڕی وردبینی و زانیاری و داتای ورد بەدەستەوە دەدات".
باسی لەوەشکرد، دەروێش پاشا بۆیە ناوی کتێبەکەی بە تەنیا ناوە "دیاریکردنی سنووری ئێران" ئەوە بەو مانایە کە سنوورەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانی جێگیرە و ئەوە سنووری دەوڵەتی ئێرانە، کە پێویستە دیاری بکرێت و ئەو دەرو ناوچانەش کە ئێران دەستی بەسەردا گرتوون، پێویستە بگێردرێنەوە بۆ مەمالیکی مەحرووسەی عوسمانی. ئەم کتێبە هێندە کتێبێکی مەیدانی و وردە بچووکترین زانیاری لەبارەی مەزهەب، پێکهاتەی هۆزایەتی و ئایینی و ڕادەی باج و ماڵیات تێدا نووسراوەتەوە و جگە لە گەڕان و سووڕانی گوند بە گوند و شار بە شار، و هاوکات گەڕاوەتەوە سەر کۆمەڵێک کتێبی سەرچاوەی مێژوویی عوسمانی و فارسی و بەڵگەنامە و دەستاوێژەکانی ناو دادگەکان و تۆمارەکانی باج و خەراجی گەنجینەکانی عوسمانی. لایەنێکی دیکەی زیندووتری ئەم کارە ئەوەیە نووسەر بۆخۆی بەشێکی زۆری زانیارییەکانی لەزاری خەڵکەکە تۆمارکردووە بەم بۆنەیەوە گەنجینەیەکی زانیاری زۆر وردی مێژوویی بە تایبەتی لەبارەی نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم بۆ پاراستووین" .

نەجاتی عەبدوڵڵا دەڵێت: "خەونی وەرگێڕانی ئەم کارەی دەروێش پاشا هەمیشە لەگەڵمدا بوو تا دواجار کاتێک ساڵی 2018 لە تاران وەرگێڕانە فارسییەکەی ئەم کارە بۆ یەکەم جار بە زمانی فارسی بڵاوکرایەوە، کاتێک خوێندمەوە زانیم زۆر بە ئەمانەت و زۆر بە وردی تەرجەمەی فارسی کراوە، چونکە وەرگێرە فارسییەکە میرزا جهانگیرخان نازمولمولك مرندی یەکانلو، بۆخۆی یەکێک لە ئەندامانی نوێنەری ئێران بووە بۆ دیاریکردنی سنوور و وەرگێڕانەکە هەر بە دەستخەتیی لە کتێبخانەی میللیی تاران بە کۆدی ژمارەی 17956پارێزراو بوو، ئەمە پشکۆی خەونەکەی منی جارێکی دیکە گەشاندەوە و هێندەی دیکە منی لەکارەکە نزیکتر کردەوە.
چاپە فارسییەکە لە لایەن میرزا جهانگیرخان نازم ئەلمولک کراوە بە فارسی و بە وەرگێڕانێکی زۆر ورد و زۆریش بە ئەمانەتەوە تەرجەمە کراوە و لەبەر ئەوەیش وەرگێڕ خۆی ئەندامی شاندی دیاریکردنی سنوور بووە و کارەکە بۆ کاری لێکۆڵینەوەی سنووری ئێران-عوسمانی کراوە بە فارسی، ئەمە وای کردووە هێندەی دیکە زیاتر بە وردی تەرجەمە کراوە، کە من پێم وایە وەرگێڕانە فارسییەکە ئەگەر لە دەقە ئەسڵییەکە پوختتر نەبێ، ئەوا دڵنیام هاوشانی دەقە عوسمانییەکەیە. دواجار توانیم کتێبەکە بە عوسمانی "هەردوو چاپی ساڵی 1286 و 1321" پەیدا بکەم و هاوکات ماستەرنامەیەکیش لە زانکۆی ئیستەنبووڵ، کە هەم کتێبە عوسمانییەکەی بە ئەلفبێی تورکی مۆدێرن تێدا نووسیوەتەوە و هەم لێکۆڵینەوەکیشی لەسەر کردووە و وەک نامەی ماستەر ساڵی 2015 لە زانکۆی İSTANBUL MEDENİYET ÜNİVERSİTESİ ئەنجام دراوە.

نەجاتی عەبدوڵڵا، دەشڵێت: "نەبوونی ئەم کتێبە لە کتێبخانەی کوردی بۆخۆی کەلێنێکی گەورە بوو لە کتێبخانەی مێژوونووسیی کوردی و ئێستە دوای 170ساڵ لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکە بە تورکی عوسمانلی، بۆ یەکەم جار چاپی کوردیی کتێبەکە بە زمانی شیرینی کوردی لەبەر دەستە و هیوادارم زانکۆکانی کوردستان بەشی مێژوو ئاوڕێک لەم کتێبە بدەنەوە و قوتابییەک نامەی ماستەر یان دکتۆرا لەسەر ئەم بەرهەمە ناوازەیە بنووسێتەوە".
ئا: لاڤین عومەر