لە ئەمەریکا رۆمانی 'گابۆڕ'ی سەید قادر هیدایەتی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکرایەوە

رۆمانی گابۆڕی نووسەر و رۆماننووسی کورد سەید قادر هیدایەتی کە یەکێکە لە شاكارە دیارەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی، لە لایەن دوو وەرگێڕەوە کرایە زمانی ئینگلیزی و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چاپ و بڵاوکرایەوە.

رۆمانی گابۆڕ کە لە ساڵی 2015 چاپ کراوە و یەکێکە لە پڕفرۆشترین رۆمانە کوردییەکان لە لایەن هەردوو وەرگێڕ چیا پەرویزپوور و حۆریە مەلەکی قۆزڵوو وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و لە لایەن دەزگای هەنار پرێس ،کە ناوەندێکی سەربەخۆی قازانجنەویستە لە شاری کۆڵۆمبۆس لە ویلایەتی ئۆهایۆ، چاپ و بڵاو کراوەتەوە، ئەم بەرهەمە لە کاتی دەرچوونیدا دەنگدانەوەیەکی فراوانی لە نێو نوخبەی ئەدەبی و رۆشنبیریی کوردیدا دروست کردبوو.

چیا پەرویزپوور، یەکێک لە وەرگێڕەکانی رۆمانەکە، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند "سەید قادر هیدایەتی یەکێکە لە رۆماننووسە ئەزموونگەرە پێشەنگەکانی ئەدەبی هاوچەرخی کوردی و سەر بە نەوەی سێیەمی نووسەرانی مۆدێرنی کوردە، رۆمانی گابۆڕیش بە یەکێک لە گرنگترین کارە ئەزموونگەرییەکانی ئەو دادەنرێت."

ناوەڕۆکی رۆمانەکە بە فۆرمێکی هاوچەرخ و بە گێڕانەوە و تێمایەکی پۆستمۆدێرن داڕێژراوە؛ رووداوەکانی لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگوزەرێن و باس لە ژیانی خەڵکی ئاسایی دەکات

پەرویزپوور دەربارەی پێکهاتەی رۆمانەکە ئاماژەی بەوە کرد "رۆمانەکە تا رادەیەکی زۆر لەسەر دیالۆگ و دەنگە دژبەیەک و جێگەی گومانەکان بنیاد نراوە، تێیدا چەمکەکانی منداڵی، توندوتیژی، پووچی و ترس پێکەوە ئاوێتە دەبن."

گوتیشی "بڵاوکردنەوەی رۆمانی گابۆڕ بە زمانی ئینگلیزی نەک تەنیا بۆ ئەدەبی کوردی، بەڵکوو بۆ ئەدەبیاتی جیهانیش هەنگاوێکی گرنگە، چونکە خوێنەرانی ئینگلیزی‌زمان بە نووسەرێکی ئەزموونگەری کورد ئاشنا دەکات کە بەرهەمەکانی پێشتر کەمتر لە دەرەوەی کایەی کوردی بەردەست بوون."

تێما و کۆتاییی رۆمانی گابۆڕ خاڵی هاوبەشی لەگەڵ چیرۆکی نەبەزێنراوی ئێرنست هەمینگوای، نووسەری ناوداری ئەمەریکی هەیە؛ لە کۆتایی رۆمانی گابۆڕدا، قەسابێکی بەتەمەن لەلایەن گایەکەوە دەکوژرێت، ڕێک وەک ئەو چارەنووسەی بەسەر ماتادۆرەکەی چیرۆکەکەی هەمینگوایدا دێت.

سەید قادر هیدایەتی، لەدایکبووی ساڵی 1976ـی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و خاوەنی چەندین رۆمانی ناسراوە لەوانە:

دەنگی نوختە 2003
تۆقی عەزازیل 2012
گۆڕەشار 2020
بەردینە 2022
هەروەها خاوەنی دوو پەرتووکی لێکۆڵینەوەیە بە ناوەکانی بەردێک لە بەردێک 2019 و نەسری کوردی و گۆرانی فۆڕم 2019 شانبەشانی وەرگێڕانی شانۆنامەی حەقیقەت و پیاوی زانای بەهرام بەیزایی لە فارسییەوە بۆ سەر زمانی کوردی.