لە رواندز شوێنەوارێکی بەبەردبووی دەگمەن بە تەمەنی تا 145ملیۆن ساڵ دۆزرایەوە
لە دەستکەوتێکی زانستی و مێژووییدا، شوێنەوارێکی بەبەردبووی ناوازە کە کێشەکەی سەرووی 350 کیلۆگرامە و مێژووەکەی بۆ نزیکەی 145 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە گوندێکی سنووری قەزای رواندز دۆزرایەوە و بە مەبەستی توێژینەوە رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران کرا.
شوێنەوارە بەبەردبووەکە لە گوندی بەرسیرینی سەر بە قەزای رواندز لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لایەن هاووڵاتییەکەوە دۆزراوەتەوە؛ دواتریش قایمقامیەتی قەزای رواندز بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بەردەکەیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ناوچەکە گواستەوە تاوەکو بپارێزرێت و توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەنجام بدرێت.
شادومان بەرسیرینی، موختاری گوندی بەرسیرین کە خۆی بەردەکەی دۆزیوەتەوە، چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "بەردەکەمان لە کەناری رووبار دۆزییەوە، جا نازانین بەردی ناوچەکە خۆیەتی یان لەگەڵ کەموزیادکردنی ئاوی رووبارەکەدا هاتووە؛ لەبەر ئەوەی بەردێکی جوان و سەرنجڕاکێش بوو، هێنامانە نێو حەوشەی ماڵەوە تا وەک جوانکاری سوودی لێ وەرگرین".
دکتۆر عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران لەبارەی پێوانە و مێژووی بەردەکەوە رایگەیاند: ئەم بەردە شوێنەوارێکی بەبەردبووی یەکجار دەگمەنە؛ تیرەکەی نزیکەی مەترێک و 20 سانتیمەترە، بەرزییەکەی 45 سانتیمەترە و کێشەکەی زیاتر لە 350 کیلۆگرام دەبێت.
بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە یەکەمین جارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەردێکی لەم شێوەیە بەو قەبارەیە بدۆزرێتەوە، و بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکانیش تەمەنەکەی بۆ نێوان 66 تاوەکو 145 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
دۆزینەوەی ئەم بەبەردبووە جگە لە گرنگییە مێژووییەکەی، لە رووی زانستی و جیۆلۆجییەوە لاپەڕەیەکی نوێ بۆ لێکۆڵەران دەستەبەر دەکات تا لە مێژووی سروشتی ناوچەکە بکۆڵنەوە، و پێگەی ناوچەکە لە ووی شوێنەوارناسی و گەشتیارییەوە لە داهاتوودا دەوڵەمەندتر دەکات.