رۆیتەرز: بە کاتیۆشا هێرش کرایەسەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد
K24 - هەولێر:
بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بە سێ مووشەکی جۆری کاتیۆشا بۆردوومان کرا.
بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، بە مووشەکی کاتیۆشا بنکەی سەربازی عەین ئەسەد بۆردوومان کرا.
ئاژانسەکە لەسەر زاری دوو سەرچاوەی سەربازییەوە ئاماژەی بەوەدا، لە بنکەی عەین ئەسەد دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە.
تا ئێستا قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی هێرشەکەی سەر بنکەی عەین ئەسەد ئاشکرانەکراوە و هیچ گرووپێکیش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە نەگرتووەتە ئەستۆ.
ئەمە جاری چوارەمە لەماوەی دوو هەفتەدا بنکەی عەین ئەسەدی تایبەت بەهێزەکانی ئەمەریکا لە پارێزگای ئەنباری هێرشی بکرێتەسەر، کە دوایین هێرش لەرێگەی دوو درۆنەوە ئەنجام درا.
بنكهی سەربازی عەین ئەسەد، گهورهترین بنكهی سەربازییە لە عێراق. 64 كیلۆمهتر له باكووری بهغداوە دووره، له دهیهی ههشتاكانی سهدهی رابردوودا كۆمپانیایهكی یۆگسلافی درووستیكردووه، 39 ژێرزهمین و پهناگهی پتهوی بۆ پاراستنی فڕۆكه تێدایه، له سهردهمی شهڕی ههشت ساڵهی عێراق و ئێراندا چالاكترین بنكهی ئاسمانی عێراق بووه.
لەدوای پەرەسەندنی ململانێکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، گرووپ و هێزە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران، چەند جارێک هەڕەشەیان لە هێزەکانی ئەمەریکا کردووە و لەبەرانبەریشدا، گوتەبێژی پنتاگۆن، پات رایدەر رایگەیاند، ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانیان لە ناوچەکە زیاد دەکەن، هەروەها دوای هێرشەکانی سەر عێراق و سووریا رێوشوێنی پێویست دەگەرنەبەر.