حەماس چۆن توانی هێرش بکاتە سەر ناوەندێکی هەواڵگری ئیسرائیل؟

K24 - هەولێر:

هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەردا هێشتا زۆر پرسیاری بێ‌وەڵامی بۆ چاودێران و بەرپرسان و کۆمەڵگەی ئیسرائیلی بەجێهێشتووە، لەوانە، چۆن باڵی سەربازی بزووتنەوەکە توانیویەتی سنوورە بەهێزەکانی ئیسرائیل کە ملیاران دۆلاریان لێ خەرجکرابوو ببەزێنێت.

یەکێک لەو شوێنانەی لە 7ـی ئۆکتۆبەر لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە هێرشی کرایەسەر ناوەندێكی هەواڵگری سەربازی بوو لە باشووری ئیسرائیل کە بەشێوەیەکی زۆر رێکخراو و پشت بەستوو بە زانیاری پێشوەخت هێرشەکە ئەنجامدرابوو.

10 چەکداری هێزە تایبەتەکەی حەماس کە ناسراون بە "نوخبە" واتا (دەستەبژێر) و بەشداریان لە هێرشە گەورەکەدا کردبوو، بەرەبەیانی 7ی ئۆکتۆبەر بە سواری چەند ماتۆڕسکیلێک بە دروستی بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو دەڕۆن کە ئەویش بنکەیەکی هەواڵگری سەربازیی ئیسرائیلیە لە باشووری وڵاتەکە و زانیاری پێشەوختەیان لەسەر بارەگاکە پێبووە.

لەسەر رێگاکەیان، چەکدارەکان دەست لەو ئۆتۆمبێلە مەدەنیانەش ناپارێزن کە دێنە بەردەمیان و دەستڕێژی گوللـە لە سەرنشینەکانیان دەکەن.

دواتر لە شەقامە سەرەکیەکە لادەدەن و بەرەو ناوچەیەکی پر لە دار و درەخت دەڕۆن. ئەو کاتەی دەگەنە دەروازەی بارەگاکە، دەرگای ناوەندەکە بە بۆمبێک دەتەقێننەوە. لەنێو بارەگەکە، وێنەیەکی بە کۆمەڵ دەگرن پێشەوەی بڕۆنە ژوورەوە کە لەو کاتەدا تووشی سەربازێکی بێ چەکی ئیسرائیلی دەبن و دەیکوژن.

وو

لەمیانی چوونە نێو بارەگاکە چەکدارێکی هێزە تایبەتەکە نەخشەیەکی رەنگاورەنگ لە گیرفانی پۆشاکە سەربازییەکەی دەردەکات کە تێیدا بە وردی ژوور و یەکەکانی بارەگاکەی لەسەر دیارکراوە.

لەو کاتەدا بەرەو دەرگایەکی کراوە دەڕۆن کە دەیانگەیەنێت بە باڵەخانەیەکی پارێزراو. کاتێک دەچنە ژوورەوە، دەگەن بە ژوورێکی پڕ لە کۆمپیوتەر کە ناوەندی هەواڵگری سەربازییە. لەژێر جێگە خەوێکدا، دوو سەرباز خۆیان حەشارداوە.

وو

چەکدارەکان دەستبەجێ هەردوو سەربازە ئیسرائیلیەکە لەوێدا دەکوژن.

وردەکاریەکانی ئەم هێرشە بۆ سەر یەکێک لەو جێگە هەستیارانە لەو پارچە ڤیدۆیانەوە دەستکەوتوون کە چەکدارانی حەماس بە کامێراکانیان گرتوویانەوە و رۆژنامەی نیۆرک تایمزی ئەمەریکی دواتر وردەکاری رووداوەکەی لە زاری چەند بەرپرسێکی سەربازی ئیسرئیلی پشتراست کردووەتەوە.

ئەوە هێشتا روون نییە کە ئایا سەربازەکان لەو کاتەدا دەستیان بە چ زانیاریەکی نهێنی گەشتووە یاخود کۆمپیوتەرەکان چیان بەسەرهاتووە، بەڵام هێزە تایبەتەکانی ئیسرائیل یەکەم شوێن کە هێرشی پێچەوانەیان کردووەتە سەر بریتی بووە لە بارەگاکە.

بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆیەک کە کوردستان24 بینیویەتی، هێزێکی تایبەتی دژە تیرۆری ئیسرائیلی لەنێو ناوەندەکەدا رووبەرووبوونەوەیەکی سەخت لەگەڵ چەکدارەکان دەکەن و وەک لە ڤیدۆکەدا دەردەکەوێت، تەرمی یەکێک لە چەکدارەکان بە کوژراوی لەسەر زەوی کەوتووە.

هێرشە چاوەڕوان نەکراوەکەی حەماس لەو بەرەبەیانەدا بە تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل غافڵگیر دەکات و شپرزەیان دەکات. ئەو سەربازانەی کە زوو دەستدەکەن بەرپرچەدانەوەی حەماس بریتین لە کۆمەڵێک لە هێزە تایبەتەکان و کەسانی خانەنشینی سەربازی و هێزە یەدەگەکان.

یەکێک لەو کەسانە جەنەراڵ دان گۆڵدفەسی تەمەن 46 ساڵ بوو کە لەو بەیانیەدا سەرقاڵی وەرزشکردن بووە لە گەڕەکەکەی خۆی لە باکووری تەلئەڤیڤ کاتێک لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە چەند پارچە ڤیدۆیەکی چەکدارانی حەماس دەبینێت لە نێو کۆڵانەکاندا لە باشووری وڵاتەکە. دەستبەجێ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا بەرەو ناوچەی هێرشەکە دەڕۆن. بە درێژایی رێگەکە، تەرمی هاووڵاتیانی ئیسرائیلی و ئۆتۆمبێلی سووتاو دەبینن.

لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، زیاد لە 1400 هاووڵاتی و سەربازی وڵاتەکە کوژارون و نزیکەی 200 هاووڵاتی و ئەندامی سەربازی وڵاتەکەش بە دیل لە لایەن چەکدارانی حەماسەوە گیراون.

سەرچاوە: نیویۆرک تایمز