بنیامین ناتانیاهۆ: بۆ ئێمە شەڕی غەززە ژیان و مردنە
K24 – هەولێر:
لە بەسەرکردنەوەی سوپای ئیسرائیل لە نزیک سنووری لوبنان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، بەلای ئەوانەوە شەڕی غەززە پرسی ژیان و مردنە.
رۆژی یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان سوپای وڵاتەکەی بەسەر کردەوە و هۆشداریدا لەوەی ئەگەر حزبوڵڵا بیەوێت بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بکاتەوە، "لوبنان وێران دەکەن".
ناتانیاهۆ ئاماژەی بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ کەرتی غەززە کرد و سووربوونی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە بزووتنەوەی حەماس دووپاتکردەوە و رایگەیاند، شەڕی غەززە بۆ ئیسرائیل ژیان و مردنە.
لەلایەن خۆیەوە، نیر بەرەکات، وەزیری ئابووری ئیسرائیل لە دیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، لە بارەی ئەگەری دروستبوونی بەرەیەکی دیکەی شەڕ لەگەڵ حزبوڵڵا، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری دەستپێکردنی شەڕ لەلایەن حزبوڵڵاوە، "ئیسرائیل سەری مارەکە پان دەکاتەوە".
بەرەکات بۆ رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێران بە تەنیا هێرش ناکاتە سەر حزبوڵڵا، بەڵکو بە کردارەکی ئێران بە ئامانج دەگرێت".
لە بەرامبەر ئەوەشدا، حوسێن ئەمیر عهبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی باشووری ئەفریقا لە تاران رایگەیاند، "ئەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیل دەست لە کۆمەڵکوژی غەززە هەڵنەگرن، هەموو ئەگەرێک بۆ روودان کراوەیە".
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، ناوچەکە بۆتە بەرمیلێک بارووت، هەر هەڵەیەک ئەنجامی خراپ و مەترسیداری لێدەکەوێتەوە.
حوسێن ئەمیر عهبدوڵڵاهیان هۆشداریدا لەوەی، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەست دەردەچێت ئەگەر تاوانی کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززە نەوەستێت
دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 16 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چوار هەزار و 651 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە هەزار و 873ـیان منداڵن و هەزار و 23ـیان ئافرەتن و 187ـیان بە ساڵاچوون و 14 هەزار و 245 کەسی دیکەش برینداربوون.
تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، 70%ـی قوربانییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ژن و منداڵن.
ئامادەکردن/ کارزان حەیدەر