نەتەوە یەکگرتووەکان: تەنها بۆ ماوەی سێ رۆژ سووتەمەنی لە غەززە ماوە

دیمەنێکی غەززە دوای بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل
دیمەنێکی غەززە دوای بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر

نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، تەنیا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ سووتەمەنی لە غەززە ماوە و هۆشداری ئەوەش دەدات کە ئەگەر سووتەمەنی نەمێنێت؛ ئاو، نەخۆشخانە، نانەواخانەکان و یارمەتییە مرۆییەکانیش نامێنێن.

 ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئاژانسی فریاکەوتنی ئاوارە فەڵەستینییەکان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی نەمانی سووتەمەنی لە کەرتی غەززە هۆشداری دا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەو سووتەمەنییەی لەبەردەست نەتەوە یەکگرتووەکانە لە غەززە تەواو دەبێت. لە بوارەکانی یارمەتیدانی مرۆیی لە قۆناغێکی سەختداین لە غەززە. ئەگەر سووتەمەنی نەمێبێت، ئاو، نەخۆشخانە، نانەواخانەکان و یارمەتییە مرۆییەکانیش نامێنێت".

نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لەم دۆخە، وەک گرنگترین ناوەندی یارمەتییەکانی مرۆیی ڕایگەیاندووە، "نەمانی سووتەمەنی ئەوەندەی دیکە ژنان، منداڵان و خەڵکی غەززە دەخنکێنێت".

هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل

بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. حەماس زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد و لە رێی وشکانیشەوە هەزاران چەکداری ئەو بزووتنەوەیە چوونە نێو چەند شارێکی ئیسرائیل و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل روویدا. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو هەفتەیە بە بەردەوامی بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە دەکات.

ئاماری قوربانیانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل 

- رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی ئەو ھێرشانەی لە کەرتی غەززەوە کراوەنەتە سەر ئیسرائیل کوژراون، بۆ ھەزار و 400 کەس بەرزبووەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لە ئاکامی ئەو ھێرشانەی لە کەرتی غەززەوە کراونەتە سەر ئیسرائیل برینداربوون، بۆ پێنج ھەزار و 132 کەس. بەرزبووەوە. وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە کە لەو ژمارەیە، 47یان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.

- لەلایەکی دیکەوە ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندورستیی فەڵەستین، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا، دوایین ئاماری لەبارەی قوربانیانی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە خستەڕوو.

ئەشرەف قودرە ڕایگەیاند، تا ئیستا لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، چوار ھەزار و 651 کەس کوژراون لەنێویاندا، ھەزار و 873 منداڵ، ھەزار و 32 ئافرەت و 187 کەسی بەساڵاچووان ھەن.

ئاماژەی بەوەشدا کە ھەروەھا تا ئێستا لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، 14 ھەزار و 245 کەس برینداربوون و گوتی: "سەدا 40ـی ئەو کەسانەی کە بەھۆی هێرشەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، منداڵن، ھەروەھا سەدا 70 ئەوانەش کە برینداربوون بەساڵاچووان، منداڵ و ئافرەتن".