ئیسپانیا: لەسەرەتایی ئەم هەفتەیەوە نزیکەی هەزار و 500 کۆچبەر گەیشتوونەتە وڵاتەکە
K24 - هەولێر
گوتەبێژی خزمەتگوزاری فریاکەوتن لە دوورگەکانی ئیسپانیا رایگەیاند، رۆژانی شەممە و یەکشەممە نزیکەی هەزار و 500 کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەکانی کەناری ئیسپانیا.
گوتەبێژی خزمەتگوزاری فریاکەوتن لە دوورگەکانی ئیسپانیا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە رۆژی شەممەوە نزیکەی هەزار و 500 کۆچبەری ئەفریقی گەیشتوونەتە کەنارەکانی دوورگەکانی ئیسپانیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەگشتی هەزار و 427 کۆچبەر بە بەلەم لە شەممەوە تاوەکو بەیانی یەکشەممە، گەیشتوونەتە دوورگەکانی ئیسپانیا، بەمەش ژمارەی هاتنی کۆچبەران بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو بەرزبووەتەوە. گوتیشی، ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەنە ئەو وڵاتە لە وڵاتانی ئەفریقاوە هاتوون.
گوتەبێژی فریاکەوتن راشیگەیاند، بەتەنها رۆژی شەممە بەلەمێکی دار گەیشتە دوورگەی ئێل هێرۆ کە 321 کۆچبەری تێدابوو، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی بووە. ژمارەی پێوانەیی پێشووی هاتنی کۆچبەران بۆ دورگەکە 280 کۆچبەر بووە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا 15ـی ئۆکتۆبەر 23 هەزار و 537 کۆچبەریان وەرگرتووە، کە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو نزیکەی 80% زیادیکردووە.
وەزیری ناوخۆی ئیسپانیا فێرناندۆ گراندە مارلاسکا رایگەیاند، زیادبوونی کۆچبەران پەیوەندی بە ناسەقامگیری لە ناوچەی ئەفریقاوە هەیە.