ئۆکرانیا: موشەکێک و زیاتر لە 10 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیامان خستە خوارەوە
K24 - هەولێر
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند، شەوی رابردوو مووشەکێکی کروزی رووسی و 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستۆتە خوارەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 23 تشرینی یەکەمی 2023، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە رێگەی پلاتفۆڕمی تێلێگرامەوە رایگەیاند، شەوی رابردوو سیستەمی بەرگری ئۆکرانیا چەند هێرشێکی رووسیای پوچەڵ کردەوە کە بەهۆیەوە مووشەکێکی کروزی رووسی و 13 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستۆتە خوارەوە.
لە شوباتی ساڵی 2022دا، رووسیا هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد چەندین ناوچەی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، کە بەهۆی ئەو جەنگەوە بە دەیان هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون زیانێکی زۆریش بەر باڵەخانە و ماڵەکان کەوتوون، هاوکات بە ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەبوون.
هەفتەی رابردوو، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای ئۆکرانیا زیاتر لە 675 سەربازی ئەو وڵاتە کوژران و برینداربوون، هەروەها 31 درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان)ـی ئۆکرانیاشیان خستووەتە خوارەوە.