سوودانی هێرشەکان بۆ سەر بارەگای هاوپەیمانان رەتدەکەینەوە

K24 - هەولێر

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، چوار جار بە مووشەکی  کاتیۆشا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش کراوەتەوە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و فڕۆکەخانەی هەریر، کە بارەگای ئەمەریکییەکانی لێیە، وتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێ: ئەو هێرشانە رەت دەکەینەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 23 تشرینی یەکەمی 2023، لە راگەیاندراوێکدا لیوا یەحیا رەسووڵ وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییە عێراقییەکان رەتدەکەینەوە کە بارەگای راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لێیە.

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکان رادەسپێرین بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان و رێگە نەدەن سەقامگیری تێکبدرێت.

رۆژی 18 ئەم مانگە دژەتیرۆری کوردستان، بڵاویكرده‌وه‌، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک گوندی باتاسی سەر بە قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی لێ نەکەوتەوە.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل، گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌كانی عێراق هه‌ڕه‌شه‌ی به‌ ئامانجگرتنی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان ده‌كرد له‌ ئه‌گه‌ری ده‌ستێوه‌ردانی راسته‌وخۆی له ‌شه‌ڕی ئیسرائیلدا.

ئا: لاڤین عومەر