سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: حیزبوڵڵا بەشداری شەڕەکە بکات وایان لێ دەکەین شەڕی ساڵی 2006ـیان بیر بکەوێتەوە
K24 - هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دەداتە حزبوڵڵای لوبنانی و دەڵێت: ئەگەر بەشداری لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بکەن، بەجۆرێک لێیان دەدەین کە پێشبینیان نەکردبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی یەکەم، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر حزبوڵڵا بڕیار بدات بێتە ناو شەڕەوە، وایان لێ دەکەن شەڕی ساڵی 2006ـیان بیر بکەوێتەوە، گوتیشی: ئەگەر ئەو کارە بکەن گەورەترین هەڵە لە ژیانیاندا ئەنجام دەدەن، بەجۆرێک لێیان دەدەین کە پێشبینیان نەکردبێت.
لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە، چەند جارێک لە سنوورەکانی لوبنانەوە هێرش کراوەتە سەر ئیسرائیل ژمارەیەک چەکداری حزبوڵڵای لوبنانی هەوڵیان داوە بچنە سنوورەکانی ژێر دەستی ئیسرائیلەوە، لەبەرانبەردا ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەک و تۆپباران وەڵامی حزبوڵڵای داوەتەوە.
ناتاینیاهۆ جەختی لەوەکردوە، بەهێزێك لێیان دەدەن کە کاریگەرییەکانی لەسەر دەوڵەتی لوبنان وێرانکەر دەبێت.
تەمووزی ساڵی 2006 حیزبوڵڵای لوبنانی بە چەند مووشەکێک سنوورەکانی ئیسرائیلیان بەئامانج گرت و هێرشیان کردە سەر دوو زرێپۆشی سەربازی پاسەوانی سنووریی ئیسرائیل و لەو هێرشەدا، سێ سەربازیان کوشت و دووانی دیکەیان بەدیل گرت.
لە هەوڵی ئازادکردنی دیلەکاندا، پێنج سەربازی دیکەی ئیسرائیلی کوژران.
لەم جەنگەدا، سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە ناوچەکانی لوبنان، بەرزاییەکانی جۆلان و باکووری ئیسرائیل رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
حزبوڵڵای لوبنانی لە ماوەی ئەو جەنگەدا نزیکەی 4000 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە بەهۆیەوە 43 هاووڵاتی و 119 سەربازی ئیسرائیلی کوژران و نزیکەی 2500 کەس بریندار بوون، لە بەرانبەریشدا 300 چەکداری حیزبوڵڵا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە کوژران و نزیکەی 1300 هاووڵاتی لوبنانی کوژران.
هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. حەماس زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد و لە رێی وشکانیشەوە هەزاران چەکداری ئەو بزووتنەوەیە چوونە نێو چەند شارێکی ئیسرائیل و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەوان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل روویدا. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو هەفتەیە بە بەردەوامی بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە دەکات.
بەهۆی ئەم جەنگەوە، زەرەو زیانێکی زۆر بەر لوبنان کەوت و نزیکەی ملیۆنێک هاووڵاتی لوبنانی ناوچەکانی خۆیان بەجێهێشت و ئاوەرە بوون.
ئاماری قوربانیانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل
- رۆژی یەکشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی ئەو ھێرشانەی لە کەرتی غەززەوە کراوەنەتە سەر ئیسرائیل کوژراون، بۆ ھەزار و 400 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی ئیسرائیل برینداربوون، بۆ پێنج ھەزار و 132 کەس بەرزبووەوە، وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل راشیگەیاندووە کە لەو ژمارەیە، 47یان دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە.
- لەلایەکی دیکەوە ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندورستیی فەڵەستین، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا رایگەیاند، تا ئیستا لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، چوار ھەزار و 651 کەس کوژراون لەنێویاندا، ھەزار و 873 منداڵ، ھەزار و 32 ئافرەت و 187 کەسی بەساڵاچووان ھەن.
ئاماژەی بەوەشدا کە ھەروەھا تا ئێستا لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، 14 ھەزار و 245 کەس برینداربوون و گوتی: "سەدا 40ـی ئەو کەسانەی کە بەھۆی هێرشەکانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە، منداڵن، ھەروەھا سەدا 70 ئەوانەش کە برینداربوون بەساڵاچووان، منداڵ و ئافرەتن".