سوپای ئیسرائیل: رێگهمان لە دوو درۆن گرتووە كه له غهززهوه ئاراستهكرابوون
K24 – هەولێر:
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رێگرییان لە دوو درۆن کردووە لە غەززەوە ئاسمانی وڵاتەکەیان ببەزێنن، هەروەها حەماس لە هێرشەکانی 7ـی ئەم مانگەشدا بۆسەر ئیسرائیل، درۆنی بەکارهێنابوو.
لە راگەیەندراوێکدا سوپای ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، دوو درۆن لە ئاسمانی غەززەوە ویستوویانە سنووری وڵاتەکەیان ببەزێنن، بەڵام پێشوەختە رووبەروویان بوونەتەوە.
حەماس بەرپرسیارێتی خۆی لە ناردنی درۆنەکان رایگەیاند و سوپای ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوەنەداوە ئایا درۆنەکانیان خستوونەتە خوارەوە یان نا؟ تەنیا ئاماژەی بەوەداوە، رێگرییان لە درۆنەکان کردووە، هەروەها حەماس لە هێرشەکانی 7ـی ئەم مانگەشدا بۆسەر ئیسرائیل درۆنی بەکارهێنابوو.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 16 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چوار هەزار و 651 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە هەزار و 873ـیان منداڵن و هەزار و 23ـیان ئافرەتن و 187ـیان بە ساڵاچوون و 14 هەزار و 245 کەسی دیکەش برینداربوون.
تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، 70%ـی قوربانییەکانی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، ژن و منداڵن.