ئیمانوێل ماکرۆن گەیشتە ئیسرائیل
K24 - هەولێر:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی ئۆکتۆبەر، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ پاڵپشتیکردن لە ئیسرائیل گەیشتە تەلئەڤیڤ.
ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل کۆببێتەوە، ئامانجی سەردانەکەشی نیشاندانی پاڵپشتیییە بۆ ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی حەماس.
سەبارەت بە سەردانەکەی ماکرۆن بۆ تەلئەڤیڤ، کۆشکی ئیلیزێ بڵاویکردەوە، فەرەنسا جەخت لە پاراستنی کەسانی سڤیل و ژێرخانەکان دەکاتەوە.
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی سەردانی ئیمانوێل ماکرۆن بۆ تەلئەڤیڤ، بەدواداچوونە بۆ چارەنووسی ئەو فەرەنسیانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە بارمتە گیراون.
ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بۆ پاڵپشتیکردن لە ئیسرائیل گەیشتە تەلئەڤیڤ
— Kurdistan24 (@kurdistan24tv) October 24, 2023
🎥AFP pic.twitter.com/3aQST3RPRB
بەپێی ئامارەکان لەماوەی 18 رۆژی رابردوودا 27 هاوڵاتی سڤیل لەلایەن گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە کوژراون و حەوتی دیکەش بێسەروشوێنن.
پێشتریش سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی کردبووەوە، کە 222 کەس لەلایەن گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە بە بارمتە گیراون.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتریش سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 18 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، پێنج هەزار و 300 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە هەزار و 873ـیان منداڵن و هەزار و 23ـیان ئافرەتن و 187ـیان بە ساڵاچوون و نزیکەی 16 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.