ئینتفاز قەنبەر: ئێران دەیەوێت عێراق لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل تێوەبگلێنێت

ئینتیفاز قەنبەر
ئینتیفاز قەنبەر

K24 - هەولێر

ئینتیفاز قەنبەر، سیاسەتمەداری عێراقی دەڵێ: ئێران دەیەوێت عێراق تێوەبگلێنێت لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل. بە بڕوای ئەو شەڕەکە شەڕی حەماس و ئیسرائیل نییە، بەڵکو شەڕی ئێران و ئیسرائیلە، دەشڵێت: لە ئێستادا ئەمەریکا هیچ وەڵامێکی نابێت بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەری لە ناوچەکەدا، بەڵکو دوای خستووە بۆ کاتێکی گونجاو.

لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، ئینتیفاز قەنبەر سیاسەتمەدار و سەرۆکی پارتی ئایندەی دەستووری عێراق، گوتی: "حەماس نوێنەرایەتی گەلی فەڵەستین ناکات، حەماس رێکخراوێکە کە کودەتایەکی لە دژی نوێنەری شەرعی گەلی فەڵەستین کردووە، ئەم شەڕەی ئێستاش دەیکات، شەڕی حەماس و ئیسرائیلیش نییە، بەڵکو شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە".

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو شەڕە کاریگەری لەسەر بارودۆخی عێراق دەبێت، قەنبەر دەڵێت: "دەبووایە کاریگەری نەبێت، لەبەر ئەوەی دەستووری عێراق رێگە نادات عێراق بەشدار بێت و خاکی عێراق بەشێک بێت لە ململانێ نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، بەڵکو پەیوەستکردنی میلیشیاکان و هێزەکان بە ئێرانەوە کە بڕیارە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدا بێت، وایکردووە بەهۆی ئێرانەوە عێراقیش لەم بابەتەدا تێوەبگلێت، شەڕێک کە عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی تێدا نییە و تەنانەت نوێنەرایەتی گەلی فەڵەستینیش ناکات".

گوتیشی: "پێموانییە ئێمە لە گۆڕەپانێکی مەترسیداربین، چونکە یان سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵی ئەم میلیشیایانە دەکەن، یان ئەم میلیشیایانە کۆنترۆڵی دەوڵەت دەکەن، وەک ئەوەی ئێستا روودەدات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئاژاوە و عێراق لە ململانێکاندا تێکەڵ دەکات، لە ماوەی 35 ساڵی حوکمڕانیدا رژێمی بەعس، عێراق چەندین شەڕی لە ناوچەکە کرد، بەڵام لە دوای ساڵی 2003 ئێمە ویستمان عێراق ئارام و پارێزراو بێت، ئێستا لاریمان نییە بەشداری لە چارەسەرکردنی کێشەکانی پرسی فەڵەستین و یارمەتیدانی گەلی فەڵەستین بکات، رەنگە ئەمە ئەرکێک بێت لەسەر هەموو لایەک، بەڵام بەشداریکردن لەو شەڕە کە لەلایەن حەماسەوەیە و لە داعش نزیکە وەک لەوەی نوێنەرایەتی گەلی فەڵەستین بکات.

ئینتیفاز قەنبەر ئەوەی خستەڕوو: "لەم دۆخەدا ئەمەریکا ئێستا وەڵام ناداتەوە، بەهۆی بەردەوامی دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان،  بەتایبەتی بارمتە ئەمەریکییەکان، کە نزیکەی 35 بارمتەی ئەمەریکی لە غەززە هەن، بە گشتی نزیکەی 210 بارمتە هەیە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون، بۆیە وڵاتان و جۆو بایدن، رێگری لە هەر وەڵامدانەوەیەک دەکەن لە ئێستادا، کە لەو هێزە ئەمەریکیانە دەدرێت، ئەمەریکا لە عێراقە و سووریا، لە یەمەن، بۆیە پێموایە دوای ئازادکردنی بارمتەکان، شتەکان دەگۆڕدرێن".

باسی لەوەشکرد: "ئەمەریکا کاتێک وەڵام دەداتەوە کە رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە دروست دەبێت، بەڵگەش بۆ قسەکانم لە ئێستادا چۆڵکردنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکایە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هۆشداری بە هاووڵاتیانی داوە کە لە عێراق و ناوچەکە بۆ ئەوەی لوبنان وعێراق بەجێبهێڵن، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە کە ئەم وەڵامە، وەڵامێکی دواخراوە لەلایەن ئەمەریکاوە تا ئەو کاتەی دەستبەسەرکردنی بارمتەکان کۆتایی دێت".

بەرەبەیانی رۆژی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) کەتیبەکانی قەسامی باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بەهاوبەشی لەگەڵ سەرایا قودس، هەڵمەتی "زریانی ئەقسا"یان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد و لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکییان ئاراستەی هەریەکە لە شارەکانی تەلئەڤیڤ و سیدۆرت و بیئر سەبع کردووە، بەهۆیەوە زیانێکی زۆریان لەو شارانەی باشووری ئیسرائیل داوە، دواتر ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.

دوای دەستپێکردنی شەڕەکە چەندین وڵات هەڵوێستی خۆیان راگەیاند، عێراق هەر لە سەرەتاوە پشتیوانی خۆی بۆ حەماس دەربڕی، دواتریش چەندین خۆپیشاندان و چالاکی جۆراوجۆر لە بەغدا دژی ئیسرائیل بەڕێوەچوون.

ئا: لاڤین عومەر