باراک ئۆباما هۆشداری دەداتە ئیسرائیل

K24 - هەولێر
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا رایگەیاند، هەندێک لەو رێوشوێنانەی ئیسرائیل پەنای بۆ دەبات لە شەڕی دژی حەماس، وەک بڕینی خۆراک و ئاو بۆ غەززە، دەتوانێت پێگەی فەڵەستینییەکان بۆ چەندین نەوە بەهێزتر بکاتەوە و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئیسرائیل لاواز بکات.
لە لێدوانێکدا سەبارەت بە قەیرانی سیاسەتی دەرەوە، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا، رۆژی دووشەممە گوتی: "هەر ستراتیژییەتەکی سەربازی ئیسرائیل، زیانە مرۆییەکانی شەڕەکە فەرامۆش بکات، لە کۆتاییدا کاردانەوەی پیچەوانەی دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارەکەی حکومەتی ئیسرائیل بۆ بڕینی خۆراک و ئاو و کارەبا بۆ دانیشتوانی مەدەنی گەمارۆدراو لە غەززە نەک هەر هەڕەشەی گەورەکردنی قەیرانی مرۆیی زیاتر دەکات، بەڵکو دەشێت پێگەی فەڵەستینییەکان بۆ چەندین نەوە زیاتر بەهێزتر بکاتەوە، هەروەها ببێتە هۆی ئەوەی پشتیوانی جیهانی بۆ ئیسرائیل لاواز ببێت، هەروەها دەرفەت بۆ دوژمنانی ئیسرائیل دەرەخسێنێت و دەبێتە تێکدانی ئەو هەوڵانەی کە ماوەیەکی زۆرە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەدرێن".
ئیسرائیل هێرشی چڕی ئاسمانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردووە، دوای ئەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 400 کەسی کوشت، بەرپرسانی غەززە دەڵێن: لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل زیاتر لە پێنج هەزار فەڵەستینی کوژراون.
ئۆباما هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماسی ئیدانە کرد و پشتیوانی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشدارییدا لەو مەترسیانەی کە رووبەرووی خەڵکی سڤیل دەبێتەوە.
ئۆباما لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا زۆرجار لە سەرەتای ململانێکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکرد، بەڵام ئەم جارە بە خێرایی داوای خۆگرتنی لە ئیسرائیل کرد، کاتێک قوربانی فەڵەستینییەکان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە زیادیان کرد.
ئەوکات ئیدارەی ئۆباما هەوڵیدا لە دانوستانەکاندا، ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان بگەنە رێککەوتنی ئاشتی، بەڵام دواجار هەوڵەکە شکستی هێنا.