شەوی رابردوو لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا زیاتر لە 100 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی وەفا، شەوی رابردوو لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە 110 کەس کوژراون و سەدان کەسیش بریندار بوون کە برینی بەشێکیان سەختە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی هەواڵی وەفا بڵاویکردەوە و رایگەیاند، شەوی رابردوو لە هێرشێکی هێزەکانی ئیسرائیلدا، کە زۆرێک لە شوێنە نیشتەجێبووەکانی پارێزگای رەفەحی باشووری کەرتی غەززەیان کردۆتە ئامانج، زیاتر لە 30 کەس کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوون، کە لە نێو کوژراو و بریندارەکاندا منداڵ و ژن هەن .

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوە پزیشکییەکانەوە بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ماڵ و بەنزینخانەیەک لە ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی خان یونس، 23 کەس کوژراون کە منداڵیشیان تێدایە و زیاتر لە 80 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها دوای بۆردومانکردنی کەمپی پەنابەرانی بورێج لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە سێ کەس کوژران.

دکتۆر محەمەد ئەبو سەلمیە بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە ئاشکرای کرد: لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەمپی کەنار دەریا لە کەرتی غەززە، دەیان کەس کوژران و بریندار بوون، هەروەها بریندارەکانیش بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا.

گوتیشی: ئەوەی لە غەززە روودەدات، جینۆسایدە، لەماوەی 24 کاتژمێردا 200 کەس کوژراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەی شیفا هیچ پێداویستییەکی هاوکاری پزیشکی وەرنەگرتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، دەیان بارهەڵگر لە رێگەی دەروازەی رەفەحی میسرەوە چوونەتە ناو کەرتی غەززە. ​