ئەمڕۆ پارتی و گۆڕان لە پیرمام کۆدەبنەوە
پارتی و گۆڕان لە پیرمام بارودۆخی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ دەکەن
K24 - هەولێر:
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی، بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ پارتی و گۆڕان لە هاوینەهەواری پیرمام کۆببنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی هەولێر و بەغدا، پرسی بوودجە و مووچە، هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، یاسای نەوت و گاز و ئاڵنگارییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێن.
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکراشیکردووە، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی و شاندی گۆران بە سەرۆکایەتی عومەری سەید عەلی کۆدەبنەوە.
هەر سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، دوێنێ بەرپرسێکی گۆڕان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەردوولا لەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕان و پارتی و زیاتر هەماهەنگیکردن لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.