وەزارەتی تەندروستی: لە داهاتووێکی نزیکدا سەنتەرێکی چارەسەرکردن و شیاندنەوە بۆ ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر دروست دەکرێت

K24 - هەولێر
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە چەند سەنتەرێک بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی ماددەی هۆشبەر دروست بکرێن، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش رایگەیاند: لە داهاتووکی نزیکدا دەست دەکرێت بە دروستکردنی یەکێک لەو سەنتەرانە.
سەرکار سورچی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی گوت: "پڕۆژەی دروستکردنی سەنتەری شیاندنەوە بۆ ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر، یەکێکە لەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ئەوانەی کە ئاڵوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، بەپێی یاسا لەلایەن دادگاوە ئازاد دەکرێن، لەو سەنتەرە چارەسەر دەکرێن".
گوتەبێژی تەندروستی ئاشکرای کرد، لەم سەنتەرانە کە یەکێکیان لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست دەکرێت بە دروستکردنی، کە لە شارۆچکەی شەقڵاوە دروست دەکرێت، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەم سەنتەرانە کە سەنتەری شیاندنەوەن بۆ تووشبووانی ماددەی هۆشبەر لە رووی دەروونییەوە چارەسەر دەکرێن.
روونیکردەوە، لە داهاتوودا سەنتەری شیاندنەوە بۆ چارەسەری ئاڵودەبووانی ماددەی هۆشبەر شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک، دروست دەکرێت و بە پلانی وەزارەت، بەپێی پێویست پسپۆرەکان لە بواری چارەسەر و دەروونی لە سەنتەرەکان وەردەگیرێن و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئەو پڕۆژە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرکار سورچی ئەوەشی خستە روو، ئەوانەی کە ئاڵودەی ماددە هۆشبەرەکانن لەوێ چارەسەری پزیشکی و دەروونیان بۆ دەکرێت، دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست ئەم کەسانە دەگەڕێنەوە ناو خێزان و کۆمەڵگا، بۆ ئەوەی ژیانێکی ئاسایی خۆیان دەست پێبکەنەوە. لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی فێرکاری دەروونی چارەسەری ئەو کەسانە دەکرێت.
دەربارەی توێژەرانی کۆمەڵایەتیش، دەڵێ: "نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، یەکێکە لە پڕۆژەکانی وەزارەتی تەندروستی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی کوردستان، ئەم پڕۆژە لە قوتابخانەکان رادەگەیەنرێت، بۆ ئەوەی مامۆستایان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی، رێنمای بەو قوتابیانە بدەن کە چوونەتە قۆناغی دواناوەندی، بۆ ئەوەی لە سەرەتای تەمەنیانەوە هۆشیاربن لە مەترسییەکانی مادە هۆشبەرەکان".
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان چڕ کردووەتەوە، رۆژی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دامەزراوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان 393 کەسیان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان و 598 کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کردووە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 1645 کیلۆگرام حەب و ماددەی هۆشبەر و 2184 شیت حەبی هۆشبەر داگرتووە.
رۆژی یەکشەممە 15 تشرینی یەکەمی 2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنفرانسی "بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان" لە هەولێر کە بەڕێوەچوو، لە وتارێكدا سەرۆکی حکومەت رایگەیاند، نابێ هیچ كەمتەرخەمییەك لە سزادانی بازرگانیی ماددەی هۆشبەر بكرێت و ئەوانەی ئاڵودەی ماددە هۆشبەرەکان بوون دەبێت چارەسەر بکرێن و بگەڕێنەوە بۆ ناو کۆمەڵگە.
ئا: لاڤین عومەر