ئیسرائیل لە رێگەی GPSـەوە رووبەڕووی حزبوڵڵا دەبێتەوە
K24 - هەولێر
ئیسرائیل هەوڵدەدات لە رێگەی "جی پی ئێس"ـەوە تەشویش بخاتە سەر مووشەکەکانی حزبوڵڵای لوبنانی، کە رۆژانە دەیەوێت لە بەرەی باکوورەوە رووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل ببێتەوە.
پێگەی پۆلتیکۆی ئەمەریکی رایگەیاندووە، ئیسرائیل لە GPSـەوە شوێنەکان دەستنیشان دەکات، هەوڵدەدات تەشویش بخاتە سەر مووشەکەکانی حزبوڵڵای لوبنانی، ئەمەش زیان بە هێزەکانی و فڕۆکە گەشتیارییەکان دەگەیەنێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، "ئیسرائیل بۆ پاراستنی خۆی ئەم رێگەیە بەکار دەهێنێت، کە ئەوە تاکتیکێکە سەر لە مووشەکەکان دەشوێنێ و ئاراستەکەی دەگۆڕێت، بەڵام هەندێکجار فڕۆکەی گەشتیاری کە بەسەر ئیسرائیلدا دەفڕن بۆ ماوەیەک ون دەبن دواتر ئاراستەکە دەدۆزنەوە".
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتریش سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 18 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، پێنج هەزار و 300 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە هەزار و 873ـیان منداڵن و هەزار و 23ـیان ئافرەتن و 187ـیان بە ساڵاچوون و نزیکەی 16 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
ئا: لاڤین عومەر