کەنەدا بۆ هاووڵاتییانی: نزیکی عێراق مەبنەوە

باڵیۆزخانەی کەنەدا هۆشداری لە ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنی عێراق دەدات

ئاڵای کەنەدا
ئاڵای کەنەدا

K24 - هەولێر:

حکومەتی کەنەدا سەبارەت بە گەشتکردن بۆ عێراق، هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی و دەڵێت، دوورکەونەوە لە هەموو جۆرە گەشتکردنێک بۆ عێراق.

حکومەتی کەنەدا بە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی ململانێکان، پێشبینی نەکردنی رووداوەکان و  ئەگەری دروستبوونی دۆخی ئەمنی مەترسیدار دوورکەونەوە لە گەشتکردن بۆ عێراق.

هاوکات باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق هۆشداری دا بەو کەنەدییانەی لە عێراق دەژین و رایگەیاند، رەنگە دۆخی ئەمنیی وڵات تێکبچێت.

حکومەتی کەنەدا ئاماژەی بەوەشداوە، مەترسی ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی و تیرۆریستی لە عێراق هەیە، ئەو شوێنانەشی کە رەنگە لە هێرشەکاندا بەئامانج بگیرێن ئەمانە دەگرێتەوە (باڵەخانەی حکومی، پەرستگا و شوێنە ئایینییەکان، فڕۆکەخانە و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە، هێزە عێراقییەکان، کۆبوونەوە لە شوێنە گشتییەکاندا، ئەو شوێنە گشتیانەی لەلایەن بیانییەکانەوە زۆر سەردانی دەکرێن).

رۆژی یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هۆشداری دا دیپلۆماتكار و هاووڵاتییانی، كه‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداوه‌ گه‌شت نه‌كه‌ن.

هەروەها باسی لەوەشکرد، كه‌ پێویسته‌ كارمه‌ندانی ناپێویستی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا، ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵن.

ئەم هۆشدارییە ئەمەریکا دوای ئەوە هات، هەر هەمان رۆژ بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بە سێ مووشەکی جۆری کاتیۆشا بۆردومانکرا.