خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ کوردستان24: دیلە ئازادکراوەکانمان لە غەززەوە گواستووەتەوە بۆ ئیسرائیل
K24 – هەولێر:
لیژنەوەی خاچی سووری نێودەوڵەتی ئەمڕۆ سێشەممە بە کوردستان24ی راگەیاند، هاوکاری گواستنەوەی دیلە ئازادکراوەکانی ئیسرائیلی دەستی حەماسیان کردووە لە غەززەوە بۆ نێو ئیسرائیل، کە تا ئێستا چوار دیلی دەستی ئەو گرووپە رزگارکراون.
لێدوانەکەی ئیمان تەرابلسی، گوتەبێژی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ کوردستان24 لە کاتێکدا دێت کە چەکدارانی حەماس شەوی رابردوو دوو دیلی ئیسرائییلیان رادەستی کارمەندانی ئەو رێکخراوە مرۆییە کرد.
خاچی سوور ئامادەیی خۆشی نیشانداوە کە وەک "نێوەندگیرێکی بێلایەن" بەردەوامبێت لە گواستنەوەی هەر دیلێکی تر لە داهاتوودا.
دوو دیلەکە بریتی بوون لە نوریت کووپەری 79 ساڵان و یۆخڤید لیفشیتزی 85 ساڵ کە رۆژی 7ی تشرینی یەکەم لە یەکێک لە کۆمەڵگەی جوونشینەکان کە بە کیبوتز ناسراون لە باشووری ئیسرائیل بەدیل گیران دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشێکی چاوەروان نەکراویان کردە باشووری ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی زیاد لە 1400 هاوڵاتی ئیسرائیل و بەدیلگرتنی 222 هاوڵاتی دیکە کە لە نێویاندا ژن و منداڵ و کەسانی بەساڵاچوو هەیە، بەپێی وتەی بەرپرسانی وڵاتەکە.

رێکخراوی خاچی سوور هەروەها بەشداربووە لە گواستەنەوەی دوو دیلی دیکەی دەستی چەکدارانی حەماس لەم دواییەدا کە کچ و دایکێکی ئیسرائیلی-ئەمەریکی بوون و لە رووداوەکانی 7ی تشرینی یەکەم بە دیل گیرابوون.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەشکرد کە هیواخوازن کە ئەوە هەنگاوی یەکەم بێ لە ئازادکردنی دیلەکان بەخێرایی.
لەنێو دیلەکاندا، چەندین هاووڵاتیی رۆژئاواییش هەن کە وڵاتەکانیان لە رێگەی قەتەر و میسرەوە لە هەوڵی ئازادکردنیاندان.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی، خالید مشعەل سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەی حەماس، رایگەیاند کە ئەو گرووپە ئامادەیە دیلەکان ئازادبکات بەو مەرجەی ئیسرائیل کۆتایی بە بۆمبابارانکردنی کەرتی غەززە بهێنیت کە تاوەکوو ئێستا نزیکەی پێنج هەزار هاوڵاتی بەهۆیەوە بوونەتە قوربانی و زۆریەنەیان ژن و منداڵن.