رۆنووس: داوای هەرچی زووتر ئازادکردنی رۆژنامەنووسە دەستگیر کراوەکان دەکەین
K24 - هەولێر
فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (رۆنووس) لە راگەیاندراوێکدا داوا دەکات هەرچی زووە رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان لە سلێمانی ئازاد بکرێن و رێز لە یاسا و پیشەی رۆژنامەوان بگیرێت.
ئەمڕۆ سێسەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2023، دوای دوو رۆژ لە دەستگیرکردنی جەمال عەبدوڵڵا نووسەر و رۆژنامەنووس و عیماد بیلال رۆژنامەنووس لە شاری سلێمانی و زیندانیکردنیان، فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ، لە راگەیەنراوێکدا داوای هەرچی زوو ئازاد کردنییان دەکات و ئاماژەی بەوەشکردووە، "زیندانیکردن و هێشتنەوەی رۆژنامەنووسان لە زیندان دژ بە یاسای کاری رۆژنامەنووسییە و پێویستە رێز لە یاسا و لە پیشەکەیشیان بگیرێت".
دوێنێ 23 تشرینی یەکەمی 2023، هەردوو رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا و عیماد بیلال، لە شاری سلێمانی دەستگیرکران، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، سەندیکای رۆژنامەنووسان و ژمارەیەک لە دەزگا و دامەزراوەی تایبەت بە مافی رۆژنامەنووسان سەرکۆنەی دەستگیرکردنی ئەو رۆژنامەنووسانەیان کرد.
رۆنووس، داوا دەکات هۆکاری دەستگیرکردنەکە هەرچییەک بێت، ئەو رۆژنامەنووسانە بە زوویی و تا رۆژی دادگاییکردن، یان چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ لایەنی سکاڵاکار، بە کەفالەت ئازاد بکرێن و رێز لە یاسا و پیشەکەیان بگیرێت.