نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە خانەوادەی دوو شەهیدەکەی قەرەچووغەوە دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە خانەوادەی هەردوو شەهیدەکەی چیای قەرەچووغەوە کرد و سەرەخۆشی لێکردن.

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 2023/10/24، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ خانەوادەی هەردوو شەهید قەهار جەوهەر قەهار و هاوڕێ جەوهەر رەحمان كە رۆژی یەكشەممە لە چیای قەرەچووغ لە سنووری مەخموور شەهید بوون، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی پێشكەش بە خانەوادەی هەردوو شەهید و كەسوكاریان كرد و هاوسۆزی و هاوخەمی لەگەڵیاندا دەربڕی.

ئەوەش خراوەتەڕوو، نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست خوای مەزن گیانی شەهیدان بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بكات و ئارامی و دڵنەوایی بە خانەوادە و كەسوكاریان ببەخشێت.

وەک ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێداوە، لای خۆیانەوە خانەوادەی هەردوو شەهید، سوپاس و پێزانینیی خۆیان و كەسوكاریان بۆ پەیوەندی و هاوخەمی و هاوسۆزیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپات کرده‌وه.

ئێوارەی رۆژی 22ـی تشرینی یەکەم، بەهۆی هەڵە تێگەیشتنێک بۆ ماوەی چەند خولەکێک شەڕە تەقە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە قەرەچووغ روویدا و، دوو پێشمه‌رگه‌ی كوردستان شه‌هیدبوون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون و دواتر دۆخەکە کۆنترۆڵکرایه‌وه‌.