رێبوار بابکەیی: ئەوانەی لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمار کردووە نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت
K24 – هەولێر:
رێبوار بابکەیی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوانەی لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمار کردووە، نایانەوێت هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رێبوار بابکەیی رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاری بووەتەوە، کە مەترسی هەیە بۆ بابەتی دەستکەوتە دەستوورییەکان، یەکێک لەوانە یاسای هەڵبژاردنە، بۆیە پێویستە گفتوگۆ و کۆبوونەوەی سیاسی و دیپلۆماسی هەبێت".
گوتیشی: "پرۆسەی هەڵبژاردن شوورای بەردەوامبوونی دیموکراسی و پاراستنی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانییە لە هەرێمی کوردستان، بۆ جارێک دواخرا کە ئێمە پێمان وابوو هەڵە بوو، بەڵام ئەگەر جاری دووەم دوابخرێت دەبێتە هەڵەیەکی ستراتیژی، بۆیە ئەرکێکی ئەخلاقی نیشتمانی، سیاسی و حزبییە هەموو لایەنەکان پابەندبن بە مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 25ی شوباتی داهاتوو دیاریکراوە".
رێبوار بابکەیی دەڵێت: "ناکرێ هیچ هێز و لایەن و کەسایەتییەکی سیاسی بە بیانووی رێکخستنی ناو ماڵی خۆی چیتر پرسی هەڵبژاردن بکاتە قوربانی بەرژەوەندییە حزبییەکان، بەڵکو دەبێ پرسی هەڵبژاردن ئەولەویەت بێت لای هەموو هێزە سیاسییەکان".
هەر سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەو ئەندامەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "راستە مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم دەرچووە و رۆژی هەڵبژاردن دیاریکراوە، بەڵام ناتوانین بڵێین جارێکی دیکە مەترسی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، چونکە هەوڵ هەیە بۆ دواخستن، ئەوانەی سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی دژی یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە، نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، لەبەر ئەوەی یاسایەک بەسەرنەچووە، هەرچەندە سەرکردایەتی ئێمە وەک پارتی رازی بووین کە هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی بکرێت و بابەتی پێکهاتەکانیش خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن".
دەربارەی پرسی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان، رێبوار بابکەیی ئاماژەی بەوەدا، پێکهاتەکان بەشێکن لە شارستانییەتی هەرێمی کوردستان و ناکرێت هێزێکی سیاسی بە پاساوی ئەوەی چەند کورسییەکی پێکهاتەکان ببات، بێت ئاستەنگ دورست بکات و لەسەر شێوازی بەشداریکردنی پێكهاتەکان لە هەڵبژاردن لەجیاتی پێكهاتەکان بڕیار بدات.
رێبوار بابکەیی پێی وایە، یەکڕیزی هێز و لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی لەسەر پرسە دەستوورییەکان، کرۆکی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان دەبێت بەرامبەر ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە.