رۆژنامەنووس عیماد بیلال لە سلێمانی ئازادكرا

عیماد بیلال
عیماد بیلال

K24 - هەولێر:

دوای دوو رۆژ لە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس عیماد بیلال لە شاری سلێمانی، کەمێک پێش ئێستا ئازادکرا.

عیماد بیلال رۆژی 22ـی ئەم مانگە، بە فەرمانی دادوەر لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا و ئەمڕۆش بە کەفالەت ئازادکرا، هەتا رۆژی دادگایی.

عیماد بیلال، یەكێك لە ڕۆژنامەنووسە دیارەكانی سلێمانی و پەیامنێرێكی چالاكی دەزگای باسنیوزە و ماوەی 10 ساڵە سەرجەم چالاكییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی رووماڵ دەكات.

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، لە سلێمانی دوو رۆژنامەنووس دەستگیرکراون بەبێ ئەوەی پێشتر لەلایەن دادگا و دەزگا ئەمنییەکانەوە پێشوەختە ئاگادارکرابنەوە، هەروەها دوێنێ دووشەممە، رۆژنامەنووسێکی دیکەش رایگەیاند، دوای 23 رۆژ لە دەستگیرکردن ئەمڕۆ ئازادکراوە.

رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، رۆژنامەنووس ئازاد بایز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی 11ـی ئەیلوول لەلایەن دەزگایەکی ئەمنی یەکێتییەوە لە قەزای چەمچەماڵ دەستبەسەر کراوە، سەرەتا بۆ یەک کاتژمێر و نیو لە ئاسایشی رۆژئاوای چەمچەماڵ هێشتوویانەتەوە و دواتر رەوانەی دژەتیرۆری سلێمانی کراوە، هەمان رۆژ نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا، سەردانی دادگای سلێمانی دەکات لەسەر بنەمای ئاگادارکردنەوەی لەسەر بوونی سکاڵایەک، بەڵام لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت بەبیانووی بوونی فەرمانێکی دەستگیرکردن (امر قبض)ـی پێشتر.

ئەو فەرمانەی بۆ دەستگیرکردنی نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا دەرکراوە، هیچ پەیوەندی بەو سکاڵا و ئاگادارکردنەوەیەوە نییە کە ئەو رۆژنامەنووسە بەهۆیەوە ئەمڕۆ سەردانی دادگای کردووە.