بانکی NBI بەشداری پرۆژەی هەژماری من دەکات

هەژماری من
هەژماری من

K24 – هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریکردنی بانکێکی دیکەی لە پرۆژەی هەژماری من راگەیاند و ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی ئەو پرۆژەیە بوون بە پێنج بانک.

رۆژی پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بانکی نیشتمانی عێراق(NBI)  دەبێتە بانکێکی دیکە لە بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کۆی ژمارەی بانکە بەشداربووەکان لە پرۆژەی هەژماری من دەبێتە پێنج بانک کە بریتین لە بانکەکانی ئارتی بانک، جیهان، ئاشوور بانک، بانکی  BBAC و بانکی نیشتمانی عێراق(NBI).

ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دابینکردنی بانکی زیاتر لە بەردەم هاووڵاتییان کە بەرهەم و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ بەشداربووان، سوودمەندبووان و مووچەخۆران پێشکەش دەکات، هەروەها هەنگاوێکە بۆ پەرەپێدانی کێبڕکێیەکی تەندروست لە کەرتی بانکی و خزمەتگوزارییە داراییەکانی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات کە هاوبەشی لەگەڵ بانکی NBI و بانکەکانی دیکە بەرفراوانتر بێت، بەتایبەتی چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتووەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەر بکرێت و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییان و بانکی زیاتر بەشداری لە پرۆژەی ‘هەژماری من’ بکەن.

لەلایەن خۆیەوە، رۆژی (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەی هەژماری من، "لە کۆی 108 هەزار و 307 مووچەخۆری کەرتی گشتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی یەکەم، تا ئێستا 106 هەزار و 511 مووچەخۆر تۆمارکراون و کارتی بانکییان بۆ دروست دەکرێت".

دوای سەرکەوتنی هەنگاوی یەکەمی تاقیکاری پرۆژەی هەژماری من لە مانگی ئاداری رابردوو، تیمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەی هەژماری من.

وەک هەنگاوی سەرەتاش دوو بانکی کەرتی تایبەت بەشدارییان کردووە لە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە پرۆژەی هەژماری من و سەرپەرشتیارانی پرۆژەکەش کە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون، ئاماژەیان بەوەکردووە، هەموو بانکێکی فەرمی کە پێوەر و بنەماکانی ئەو پرۆژەیە لەخۆبگرێت، پێشوازی لێدەکرێت ببێتە بەشێک لە پرۆژەی هەژماری من.

رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، بەڵێنەکەمان پەرەپێدانی دارایی و ‏دەستکەوتمان، تا ئێستا 100 هەزار مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری من تۆمارکراون.

رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، یەک ملیۆن هەژماری بانکی لە ماوەی 18 مانگدا لە پرۆژەی هەژماری من بۆ مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە.

ئامادەکردنی/ کارزان حەیدەر