لیژنەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆدەبێتەوە
K24 – هەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی تایبەتی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان کە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وەبەرهێنەران دامەزروە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە وەبەرهێنەران کۆببێتەوە.
سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 30/10/2023، ئەو لیژنەیەی کە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی کێشەکانی وەبەهێنەران پێکهێنراوە، بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت کۆدەبێتەوە.
گوتیشی: "کۆبوونەوەکە درێژکراوەی کۆبوونەوەی 17ی ئەم مانگەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی وەبەرهێنەران".
17ی ئەم مانگە ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆبووەوە و بە گوێرەی راگەیاندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین تاکوو هەموو بەربەستە یاسایی و بیرۆکراسییەکان لە بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان هەڵگرین.
رۆژی 17/10/2023، ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کۆبووەوە. بە گوێرەی راگەیاندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردووەتەوە، "هەموو هەوڵێک دەدەین تاکوو هەموو بەربەستە یاسایی و بیرۆکراسییەکان لە بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان هەڵگرین".
هەر لەو کۆبوونەوەدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا" کە وەبەرهێنان، پێویستی بە سیستەمێکی بانکی کارا و باوەڕپێکراو هەیە، بۆیە دەستمان بە ئەنجامدانی پرۆسەیەکی چاکسازی لە بواری سیستهمی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان کردووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە بازاڕێکی پشتبەستوو بە پارەی کاش، بەرەو بازاڕێکی خاوەن سیستەمێکی بانکیی باوەڕپێکراو بگۆڕدرێت و سەرەنجام ئابووری هەرێم زیاتر ببووژێتەوە".