لیژنەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان بڕیاریدا مۆڵەتی کۆتایی بدرێت بە ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان

K24 – هەولێر

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، کە بە فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەن مەسرور بارزانی پێکهێنراوە، بڕیاردرا مۆڵەتی کۆتایی بدرێت بە ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان، کە پێشتر مامەڵەکانیان پێشکەش کردووە.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان، کە تەواوکاری کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجومەن بوو، بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ئەنجامدرا، کە تێیدا بڕیاردرا مۆڵەتی کۆتایی بدرێت بە ژمارەیەک پڕۆژەی وەبەرهێنان کە پێشتر مامەڵەکانیان پێشکەش کردووە، هەروەها ئاسانکاری بکرێت لە پرسی کوژانەوە و قەرەبووکردنەوەی زەوی بە مەبەستی بەگەڕخستنەوەی باشتری وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا هەموو ئەو گرفتانە خرانەڕوو کە بوونەتە هۆی خاوبوونەوەی پڕۆسەی وەبەرهێنان و  چۆنییەتی چارەسەر کردنیان، بە پشتبەستن بە رێکارە یاساییەکان تاوتوێکرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە هاوکار و هەماهەنگ بن لەنێوان خۆیاندا بۆ ئەوەی بتوانن ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران بکەن لەپێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان.

 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەربەستەکانی بەردەم  دابینکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و  پرسی کوژاندنەوەی زەوی و قەرەبووکردنەوەیان تاوتوێ کران. لەمبارەیەوە بڕیاردرا؛ بەپێی یاسا بەرکارەکان کار بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خاوەنی ئەو زەوییانەی کە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخان دەکرێن پاش کوژاندنەوەیان، بەتایبەتیش ئەولەوییەت بدرێت لە ئاسانکاریکردن بۆ پڕۆژەکانی پیشەسازیی و کشتوکاڵ.

هەروەها قسە لەسەر ئەو پڕۆژانەش کرا کە هاوبەشن لەنێوان کەرتەکانی نیشتەجێبوون و گەشتوگوزاردا و بڕیاردرا ئاسانکاری پێویستیان بۆ بکرێت.