سامانە سرووشتییەکان ئاماری دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردەوە

دابەشکردنی نەوت
دابەشکردنی نەوت

K24 - هەولێر:

وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەردەوامە لە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر دانیشتووانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار لیتر بەنزین بۆ هاووڵاتییان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکات.

رۆژی دووشەممە (30ـی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 203 هەزار و 935 خێزان لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان سوودمەندبوونە.

هەر بەپێی راگەیاندراوەکە، رۆژانە یەک ملیۆن و 872 هەزار لیتر بەنزینی جۆری نۆرماڵ بە نرخی 750 دینار لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت و لە رێگەی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان دابەشدەکرێتە سەر بەنزینخانەکان، کە ئەو بەنزیکە بە مەرج و رێنماییەکانی وەزارەت بە کوالێتییەکی باش دابین دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا هاتووە، لە ماوەی تەنیا 10 رۆژدا، تواندراوە 73 ملیۆن و 448 هەزار و 662 لیتر نەوتی سپی بۆ ماڵان دابین بکرێت و لە ناوچە شاخاویەکاندا 40 ملیۆن و 782 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و 203 هەزار و 935 خێزان لێی سوودمەند بوونە.

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئاماژە بەوە دەکات، پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان بەردەوامی دەبێت تا دەگاتە ئەو هاووڵاتیانەی پێشتر نەتواندرا لەناو شار و دەوروبەر نەوتیان بەسەر دابەشبکرێت.

پێشتریش فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردبووەوە، پرۆسەى دابەشکردنی نەوتی سپی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ زستانی ئەمساڵ لە ناوچە شاخاوییەکان زوو دەستی پێکرد و پرۆسەکەش تا کۆتایی بەردەوام دەبێت.

هەروەها رۆژی چوارشەممە (4ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لەمیانەی راگەیەندراوێکدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی سپی دەستیپێکرد و لە سەرەتادا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی دەکرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، بودجەی پرۆسی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان بۆ زستانی ئەمساڵ، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە، هەر خێزانێک 200 لیتری نەوتی سپی لە بەرامبەر 100 هەزار دینار وەردەگرێت.

ئامادەکردنی/ کارزانی حەیدەر

Fly Erbil Advertisment